دوای 111 رۆژ لە داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە کوەیت کرایەوە
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە مەراسیمێکی فەرمیدا ئاڵای وڵاتەکەی لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە شاری کوەیت بەرزکردەوە. ئەمە وەک هێمایەک بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان دێت، دوای ئەوەی باڵیۆزخانەکە لە پێنجی ئاداری رابردووەوە بەهۆی هێرشە درۆنییەکانی ئێرانەوە داخرابوو.
چوارشەممە 24ـی حوزەیرانی 2026، لە میانی گەشتە سێ رۆژییەکەی بۆ وڵاتانی کەنداو، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، گەیشتە کوەیت و بە فەرمی دەستپێکردنەوەی کارەکانی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی راگەیاند.
روبیۆ لە بارەی کردنەوەی باڵیۆزخانەکەیان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی بڵاو کردەوە و رایگەیاند: "ئاڵای ئەمریکا جارێکی دیکە بە شانازییەوە لە ئاسمانی کوەیت دەشەکێتەوە، کە هاوبەشێکی سەرەکی ئێمەیە بۆ چەسپاندنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا." ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم هەنگاوە بەرهەمی ئەو یاداشتی لێکتێگەیشتنەیە کە هەفتەی رابردوو لە نێوان ئیدارەی ترەمپ و حکوومەتی ئێران واژۆ کرا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی دەرەوە، خزمەتگوزارییە فریاگوزارییەکان بۆ هاووڵاتییانی ئەمریکی لە کوەیت دەستبەجێ دەستیان پێکردووەتەوە، و خزمەتگوزارییە کونسوڵییەکانی دیکەش بەشێوەی قۆناخبەندی دەگەڕێنەوە دۆخی ئاسایی.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە کوەیت لە رێککەوتی 5ـی ئاداری 2026، بەهۆی تێکچوونی دۆخی ئەمنی و هێرشە درۆنییەکانی ئێران بۆ سەر نێردە دیپلۆماسییەکان، تەواوی کارەکانی راگرتبوو و داوای لە هاووڵاتییانی ئەمریکی کردبوو کوەیت جێبهێڵن.
ئەم سەردانەی روبیۆ بۆ ناوچەکە، کە وێستگەی یەکەمی ئیمارات بوو و وێستگەی دووەمی کوەیتە ، یەکەم جووڵەی دیپلۆماسیی ئاست بەرزی ئەمریکایە دوای ئەو ململانێیە سەربازییە توندەی کە لە 28ـی شوباتی رابردووەوە لە نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێراندا هەڵگیرسابوو و ببووە هۆی پەککەوتنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.