دوای لێکتێگەیشتنی ئەمریکا و ئێران دۆخی گەرووی هورمز چۆنە ؟
رێکخراوی دەریاوانی نێودەوڵەتی رایگەیاند، کەشتییەکان لە چوارچێوەی پلانێکی نوێی گەشتکردندا کە لەلایەن رێکخراوەکەوە راگەیەندراوە، دەستیان بە تێپەڕین لە گەرووی هورمز کردووە.
چوارشەممە 24ـی حوزەیرانی 2026. رێکخراوی دەریاوانی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی سێشەممە ئاماژەی بەوە کردبوو، ئەو پلانە نوێیەی کە پەسەندکردنی چەند مانگێکی خایاندووە، رێگە بە سەدان کەشتی دەدات کە بەهۆی جەنگی ئێرانەوە گیریان خواردبوو، گەرووەکە جێبهێڵن، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم کەشتیانە نزیکەی 11 هەزار دەریاوانیان لەسەرە کە لە دۆخێکی نادیاردا مابوونەوە.
رێکخراوەکە رایگەیاندووە: "کەشتییەکان بە کردەیی دەستیان بە تێپەڕین کردووە"، بەڵام هیچ وردەکارییەکی لەسەر جۆری ئەو کەشتیانە نەخستە روو.
داتاکانی چاودێریی کەشتیوانی ئاشکرای دەکەن، لە ماوەی 12 کاتژمێری رابردوودا لایەنی کەم سێ کەشتیی بارهەڵگر بەپێی پلانە نوێیەکە لە گەرووەکە پەڕیونەتەوە، هەروەها شیکارییەکانی ئاژانسی رۆیتەرز نیشانی دەدەن کە لایەنی کەم 35 کەشتیی دیکەی بازرگانی، لەوانە کەشتیی بارهەڵگر و کۆنتێنەر و تانکەری بچووکی نەوت، ئامادەکاری دەکەن بۆ تێپەڕین.
بەپێی پلانەکە، کەشتییەکان دەتوانن دوو رێڕەو بەکاربهێنن: رێڕەوێکی باکووری کە بە ئاوەکانی ئێراندا تێپەڕ دەبێت، و رێڕەوێکی باشووری کە لە ژێر هەماهەنگی نێوان شانشینی عومان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادایە.
رێکخراوەکە لە تێبینییەکدا هۆشداری داوە، دەبێت کەشتییەکان چاوەڕێی رێنماییەکان بن پێش ئەوەی دەست بە جووڵە بکەن، بۆ ئەوەی قەرەباڵغی لە ناوچەکانی چاوەڕوانیدا دروست نەبێت و سەلامەتی دەریاوانی پارێزراو بێت.
ئەم هەنگاوەی رێکخراوی دەریاوانی نێودەوڵەتی دوای ئەوە هات، ئەمریکا و ئێران گەیشتنە رێککەوتنێک بۆ راگرتنی جەنگ،ئەمەش هاوکار دەبێت بۆ ئەوەی دۆخی گەرووی هورمز لە بارێکی ئاڵۆز و نادیارە بەرەو رێڕەوی یاسایی بوونەوە هەنگاو بنێت و کەشتییە بازرگانییەکان جارێکی دیکە بەو گەرووەدا هاتوچۆ بکەن.