فراكسیۆنه‌كانی گۆڕان و یه‌كێتی ده‌بن به‌ یه‌ك و پارتیش پێشوازی لێده‌كات

جه‌عفه‌ر ئیمینكی: تەبایی فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمانی کوردستان چارەسەرکردنی کێشەکان ئاسانتر دەکات

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/8d4fdd20-b75c-4e4d-83fe-e8b54affcb2e/fraksioni%20hawbashi%20YNK%20w%20Goran.ism/manifest

K24 - هه‌ولێر:

جەعفەر ئیمینکی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێ، تەبایی فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمانی کوردستان چارەسەرکردنی کێشەکان ئاسانتر دەکات، پێکھێنانی ھاوپەیمانیەتی فراکسیۆنەکانی یەکێتی و گۆڕانیش بە کارێکی باش دەزانێت، به‌رپرسانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش دەڵێن یەکەم کاری فراکسیۆنە ھاوبەشەکە کاراکردنەوەی پەرلەمانی كوردستان دەبێت.   

پێکھێنانی فراکسیۆنی ھاوبەشی یەکێتی و گۆڕان، بە لای پارتی کارێکی باشە، بە شێوەیەك ئاراستەکەی بۆ چارەسەری کێشەکان بێت، جەعفەر ئیمینکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پێیوایە، لێکنزیکبوونەوە و ھاوپەیمانی فراکسیۆنەکان، کاری پەرلەمانییه‌ و چارەسەری کێشەکان ئاسانتر دەکات.

سەرکردایەتی ھاوبەشی یەکێتی و گۆڕان ھەوڵەکانی چڕکردووه‌تەوە، بۆ ئەوەی زوو کاری پێکھێنانی فراکسیۆنە ھاوبەشەکە تەواو بکات، ھەر ئەوانیش بڕیار لەوە دەدەن، ناوێك بۆ فراکسیۆنە ھاوپەیمانييەکە دابنێن، یان ناوەکانیان وەکو خۆیان بمێنێتەوە، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕانیش لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێ، یەکەم کاریان کارارکردنەوەی پەرلەمان دەبێت.

ئەم ھەفتەیە فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، لەسەر پێکھێنانی فراکسیۆنی ھاوبەش کۆدەبێتەوە، دەشتوانن فراکسیۆنی دیکە بانگھێشتی ناو ھاوپەیمانیەتیەکە بکەن، بەڵام جارێ قسەیان لەگەڵ ھیچ فراکسیۆنێک نەکردووە.

پێکھێنانی فراکسیۆنی ھاوبەشی یەکێتی و گۆران لە پەرلەمانی کوردستان، لە چوارچێوەی یەکێك لە مادەکانی رێککەوتننامە سیاسیيەکەیانە، کە رێگە دەدات ھاوپەیمانی و کاری ھاوبەش لە نێوان فراکسیۆنەکانیان لە پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان ھەبێت.