ئەنجوومەنی وەزیران کۆمەڵێک بڕیاری خزمەتگوزاریی گرنگی پەسەند کرد

ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری رێکخستنەوەی مۆڵەتی بێمووچەی فەرمانبەران پەسەند دەکات

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک بڕیاری خزمەتگوزاری و کارگێڕی گرنگی دەرکرد، لەوانە درێژکردنەوەی لێخۆشبوونی 20%ـی سزاکانی هاتوچۆ و  50% داشکاندن بۆ قەرزی کەڵەکەبووی هاوبەشان بە مەبەستی پێشکەشکردنی ئاسانکاریی دارایی بە هاووڵاتییان.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ـی تەممووزی 2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک پرسی گرنگی پەیوەست بە دۆخی ئاسایش، خزمەتگوزارییە گشتییەکان و رێکخستنەوەی کاروباری کارگێڕیی فەرمانبەران تاوتوێ کران.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنی وەزیران بە توندترین شێوە هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستانی سەرکۆنە کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم جۆرە هێرشانە ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە دەکەنە ئامانج. 

ئەنجوومەنەکە دووپاتی کردەوە، هەرێمی کوردستان بەشێک نەبووە لە گرژییەکانی ناوچەکە و هەمیشە وەک فاکتەرێکی ئاشتی و ئارامی ماوەتەوە، و داوای کۆتاییهاتنی دەستبەجێی ئەو هێرشانەی کرد.

لە بڕگەی یەکەمی کاروباری ناوخۆدا، ئەنجوومەنی وەزیران پێشنیاری وەزارەتی ناوخۆی بۆ درێژکردنەوەی ماوەی لێخۆشبوون لە سزاکانی هاتوچۆ پەسەند کرد. بەپێی بڕیارەکە، لێخۆشبوون بە رێژەی 20% لە سزاکانی هاتوچۆ لە ماوەی نێوان 1ـی تەممووزی 2026 تا 31ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ جێبەجێ دەکرێت، ئەمەش بە مەبەستی رەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ هاووڵاتییان و ئاسانکاری لە پاکتاوکردنی ئەو بڕە پارانەی کە لە ئەستۆیانە.

دواتر، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، راپۆرتێکی گشتگیری سەبارەت بە بارودۆخی سووتەمەنی و رێکارەکانی دابەزاندنی نرخی بەنزین لە بازاڕەکاندا خستەڕوو.

 ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی راسپارد کە سەرجەم رێکارە پێویستەکان بگرێتەبەر بۆ رووبەڕووبوونەوەی گرانبوونی نرخی سووتەمەنی، چاودێریی وردی بازاڕ و بەنزینخانەکان بکرێت بۆ دڵنیابوون لە کوالێتی و پابەندبوون بە نرخە دیاریکراوەکان.

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە بارودۆخی کارەبا، کە تێیدا پێشنیارەکانی وەزارەتی کارەبا بۆ پێشکەشکردنی ئاسانکاری بە بەشداربووانی تۆڕی نیشتمانی پەسەند کران. 

بەپێی بڕیارەکە، رێژەی 50% داشکاندن بۆ قەرزی کەڵەکەبووی هاوبەشانی ماڵان و کشتوکاڵ، و رێژەی 25% داشکاندن بۆ هاوبەشانی بوارەکانی پیشەسازی، بازرگانی و کەرتی گشتی دەکرێت. ئەم داشکاندنە تەنیا قەرزە کۆنەکانی پێش دەستپێکردنی "پڕۆژەی رووناکی" دەگرێتەوە، بە مەبەستی هاندانی هاوبەشان بۆ پاکتاوکردنی قەرزە کۆنەکانیان و خستنەوەگەڕی ئەم داهاتە بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری.

هەروەها وەزارەتی کارەبا و تیمی پڕۆژەی رووناکی ڕاسپێردران کە لە ماوەیەکی نزیکدا رێنمایی و میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە بڵاوبکەنەوە.

لە دوا بڕگەی کۆبوونەوەکەدا، لەسەر پێشنیاری سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، راسپاردەکانی تایبەت بە رێکخستنەوەی مۆڵەتی بێمووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان پەسەند کران، بە مەبەستی یەکخستن و گونجاندنی رێکارەکان لەگەڵ یاسای نوێی خانەنشینیی یەکگرتوو و یاساکانی وەزیفەی گشتی. بۆ ئەم مەبەستەش، وەزارەتی دارایی و ئابووری و ئەنوجومەنی گشتیی راژە راسپێردران رێنمایی پێویست لەمبارەیەوە دەربکەن.