پیاوێكی ئه‌ڵمانی په‌لاماری ژنه باڵاپۆشێك ده‌دات
پێی گوتووه: "موسڵمانی پیس"
K24 - هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی "كلیر ناخریشتن"ی ئه‌ڵمانی بڵاویكرده‌وه، پیاوێك له‌ناوچه‌ی دیتریشسدۆرف، له شاری كیلی باكووری ئه‌ڵمانیا، به مشته كۆڵه ده‌كه‌وێته گیانی ژنه موسڵمانێكی باڵاپۆش و دواتریش پیاوه‌كه له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه ده‌ستگیرده‌كرێت.
پیاوه‌كه له ناوه‌ڕاستی یه‌كێك له شه‌قامه‌كانی شاری كیل، درووشمی ره‌گه‌ز په‌رستی له دژی موسڵمانان گوتووه‌ته‌وه و به گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كان گوتوویه‌تی: "موسڵمانی پیس" و دواتریش په‌لاماری داوه.
ژنه‌كه به ره‌چه‌ڵه‌ك توركه و ته‌مه‌ن 35 ساڵه، كاتێك ویستوویه‌تی بچێته بازاڕ، له‌لایه‌ن ئه‌و پیاوه ئه‌ڵمانیه په‌لامار ده‌درێت و چه‌ند شوێنێكی ده‌موچاوی بریندار ده‌بێت و لووتیشی شكاوه و به مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ریش گواستراوه‌ته‌وه نه‌خۆشخانه.
ژنه‌كه بۆ رۆژنامه‌ی "كلێر ناخریشتن" گوتی: "هه‌موو شته‌كه له‌ماوه‌ی چه‌ند چركه‌یه‌ك روویدا و هه‌روه‌ك بڵێی یاریزانی مشته‌كۆڵه بم و به لێدانی یه‌كلاكه‌ره‌وه له‌هۆشخۆم چووم و ئاگام له‌خۆم نه‌ما".
پۆلیسی ئه‌ڵمانیا ئه‌و پیاوه 55 ساڵییه‌یان ده‌ستگیركرد و به تۆمه‌تی "ده‌ستدرێژكردنه سه‌ر كه‌سی به‌رامبه‌ر" دادگایی ده‌كرێت.
سه‌رچاوه: DWى ئه‌ڵمانی