30 هەزار سەربازی ئۆکرانی راهێنانەکانیان لە ئەوروپا کۆتایی پێدەهێنن

سەربازی ئۆکرانی
سەربازی ئۆکرانی

K24 - هەولێر:

رۆژانامەی پێریۆدیکۆی ئیسپانی بڵاویکردەوە، مانگی دەی ئەمساڵ 30 هەزار سەربازی ئۆکرانی راهێنانە سەربازیییەکانیان لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا کۆتایی پێدەهێنن.

ئەو رۆژنامە ئیسپانییە نوسیوویشیەتی، لەئێستادا سێ هەزار سەربازی ئۆکرانی لە ئیسپانیا سەرقاڵی راهێنانکردنن، ئەوەش لەچوارچێوەی بەرنامەی کاری یەکێتی ئەوروپا بۆ بەهێزکردنی سوپای ئۆکرانیا.

ئاماژەی بەوەشداوە، راهێنانکردن بە سەربازە ئۆکرانییەکان لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە پێنج هەفتە دەخایەنێت و رۆژانەش سەربازەکان 10 کاتژمێر راهێنان دەکەن.

رۆژی 18ـی ئابی 2023، ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، ئەمەریکا داوای لە هۆڵەندا و دانیمارک کردووە هەرچی زووە راهێنان بە فڕۆکەوانە ئۆکرانییەکان لەسەر فڕۆکەی ئێف-16 کۆتایی پێبهێنن، بۆ ئەوەی فڕۆکەی ئێف-16 رادەستی کیێڤ بکرێت.

له‌ 24ـی شوباتی 2022، به‌ فه‌رمانی ڤلادیمێر پوتنی سه‌رۆكی رووسیا هێرشكرایه‌سه‌ر خاكی ئۆكرانیا و به‌هۆیه‌وه‌ هه‌زاران كه‌س له‌ سه‌ربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنه‌ها ئۆكرانیش ئاواره‌ی وڵاتانی ئه‌وروپی بوون، تا ئێستاش ئه‌و جه‌نگه‌ به‌رده‌وامه‌.