کۆشکی سپی: ئێران داوای دانوستانی راستەوخۆی کردووە

ئەکسیۆس: ویتکۆف و کوشنەر لەگەڵ عێراقچی پرسی راگرتنی جەنگ تاوتوێ دەکەن

گوتەبێژی کۆشکی سپی ئاشکرای کرد، سبەی شاندێکی ئەمەریکا بۆ مەبەستی تاوتوێکردنی پرسی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران، سەردانی ئیسلام ئاباد دەکات.

ئەمڕۆ هەینی، 24ـی نیسانی 2026، کارۆلاین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی بە کەناڵی فۆکس نیوزی راگەیاند: "دەتوانم پشتڕاستی بکەمەوە کە سبەی هەر یەکە لە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جارید کوشنەر، گەورەراوێژکاری ترەمپ سەردانی ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان دەکەن".

گوتەبێژی کۆشکی سپی، روونی کردەوە، ئامانجی سەرەکی سەردانی شاندەکەی ئەمریکا بۆ ئیسلام ئاباد، کۆبوونەوەیە لەگەڵ لایەنی ئێرانی بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگ، خوازیارین گفتوگۆکانی ئەمجارە ئەنجامیان هەبێت.

هاوکات دەڵێت: ئێران خۆی داوای کۆبوونەوەی راستەوخۆی کردووە. گوتیشی: بڕیار لە بارەی چوونی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بۆ پاکستان نەدراوە، بەڵام ئەگەر پێویست بکات ڤانس دەچێتە ئەو وڵاتە.

لای خۆیەوە پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس، لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاوی کردەوە، بڕیارە هەر یەک لە ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر لە شاری ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان، لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنی رێککەوتنێک بە مەبەستی راگرتنی جەنگ.

ئەو بەرپرسە ئەمریکییانە ئەوەشیان ئاشکرا کرد، "پێشبینی دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا، هەر یەک لە ویتکۆف، کوشنەر، بەرەو وڵاتی پاکستان بە رێ بکەون."

هەروەها ئەو بەرپرسانە بۆ پێگەکە روونیان کردووەتەوە کە "مەبەست لەو سەردانە ئەوەیە کە ویتکۆف و کوشنەر لە شاری ئیسلام ئاباد لەگەڵ عێراقچی کۆببنەوە، تاوەکو پێکەوە گفتوگۆ لەسەر گەیشتن بە رێککەوتنێک بکەن بۆ وەستاندنی جەنگ."

هەر ئەمڕۆ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نوویسبووی: سەردانی پاکستان، عوممان و رووسیا دەکەم.

ئاماژەی بەوە کردبوو، ئامانجی سەرەکی سەردانەکەم بریتییە لە؛ بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و ئەنجامدانی راوێژی چڕ لەگەڵ هاوبەشە ستراتیژییەکانی ئێران سەبارەت بە دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە.