یەکێتی ئەوروپا داوای ئاشتییەکی دادپەروەرانە بۆ ئۆکرانیا دەکات

بۆرێڵ: ئەوروپا پاڵپشتی سەرۆکی ئۆکرانیا بۆ پرۆسەی ئاشتی دەکات

جۆسێپ بۆرێڵ بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا
جۆسێپ بۆرێڵ بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا

K24 - نیویۆرک

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، یەکێتی ئەوروپا لە جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا ئاشتییەکی دادپەروەرانەی دەوێت.

 جۆسێپ بۆرێڵ بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە نیویۆرک، لە لێدوانێکی تایبەت بۆ کوردستان24، لەبارەی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا، گوتی: "ئاشتی گرنگترین شتە بەدەستی بهێنین و بە پەرۆشم بۆ ئەوەی ئاشتی دەستەبەربێت، لێرە سەرۆک زێلێنسکی ئاماژەیەکی روونی گەیاند بە ئاڕاستەی چارەسەرێکی ئاشتیانە، ئێمەش پاڵپشتی دەکەین. پێویستە ئاشتی دەستەبەربێت، بەڵام ئاشتییەکی دادپەروەرانە".

ئەو بەرپرسەی یەکێتی ئەوروپا هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە بابەتی ئاشتی زۆر گرنگە  و پێویستە بەدی بێت بۆ کۆتایهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا و رووسیا کە بۆماوەی زیاتر لە ساڵێکە بەردەوامە و بووەتە هۆی کوژران و ماڵوێران بوونی ملیۆنان هاووڵاتی و کاریگەرییەکی ئابووری نەرێنی گەورەی لەسەر جیهان بەجێهێشتووە.

گوتیشی: "من زۆر دەخوازم کە ئاشتی بێتە کایەوە لەبەر ئەوەی گرنگترین پرسە کە هەوڵی دەستەبەرکردنی بدەین."

لە شوباتی 2022، سوپای رووسیا هێرشێکی فراوانی زەمینی کردە سەر خاکی ئۆکرانیا و بوو بە دەستپێکی شەڕێکی خوێناو کە بە بڕوای چاودێران یەکێکە لە جەنگە گەورەکان کە ئەوروپا بەخۆیەوە بینیبێت.

وڵاتانی رۆژئاوا بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا پێشڕەوەی هاوپەیامانیەکی نێودەوڵەتی دەکەن، بۆ پشتیوانی لە ئۆکرانیا لە رێگەی دابینکردنی فڕۆکە و راهێنان و تانک و تەقەمەنی.

بەپێی ئامارەکانی بەرپرسانی ئەمەریکا، نزیکەی نیو ملیۆن سەربازی ئۆکرانیی و رووسی لەو جەنگەدا بوونەتە قوربانی ئەو جەنگە.