وەزارەتی کارەبا: لە هەوڵی چارەسەری كێشەی کەمبوونەوەی كارەباداین
وەزارەتی كارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەرهەمهێنانی کارەبا کەمیکردووە و بەهۆیەوە پچڕانی کارەبا لە سەرتاسەری شارەکان دروستبووە. هەروەها گوتەبێژی وەزارەتەکەش بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەشێوەیەکی فراوان تیمەکانی وەزارەتی کارەبا و وێستگەکانی بەرهەمهێنان سەرقاڵی ئاساییکردنەوەی دۆخەکەن.
ئەمڕۆ شەممە، 6ی حوزەیرانی 2026، وەزارەتی کارەبا لە راگەیەندراوێکدا هاوبەشانی ئاگادارکردەوە، بەهۆی گرفتێکی تەكنیكی و چاککردنەوە لە چەند یەكەیەكی وێستگە غازییەكانی كارەبا، بەرهەمهێنانی كارەبا كەمی كردووە و لە هەندێك گەڕەك و ناوچەكانی دەوروبەر بۆ ماوەیەكی كەم دووچاری بچڕانی كاتی كارەبا بوونەتەوە.
لەمبارەوە ئومێد محەممەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت "ئەو گرفتەی پچڕانی کارەبا لەبەر چەند هۆکارێک دروست بووە، یەكێکیان تا ئێستا هەناردەی غازی سروشتی لە کێڵگەی کۆرمۆرەوە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا نەگەڕاوەتەوە دۆخی ئاسایی پێش جەنگ".
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا گوتیشی "ئێستاش بە هۆی کەمی غازەوە بە بڕی 250 مێگاوات کورتهێنانی کارەبا لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا هەیە".
ئاماژەی بەوەش دا، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، هۆکارێکی دیکەی زیادبوونی خواستە لەسەر زیاتر بەکارهێنانی کارەباوە، لەلایەکی دیکەشەوە بەشێک لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و تۆڕەکانی دابەشکردنی کارەبا لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان پرۆژەی چاکسازی و نۆژەنکردنەوەیان بۆ دەکرێت، بۆیە پچڕانی چەند کاتژمێری دروست بووە.
ئومێد محەمەد رایگەیاند، ئێستا تیمەکانی وەزارەتی کارەبا و وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا سەرجەمیان بە فراوانی دەستیان بە چاکسازی و چاککردنەوەی بەشەکانیان کردووە بۆ ئەوەی لە کەمترین کاتدا پێدانەوەی کارەبای 24 کاتژمێری ئاسایی ببێتەوە و کۆتایی بەم پچڕانە بهێنرێت.
بەگوێرەی ئەو ئامارەی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، تا ئێستا نزیکەی 5.5 ملیۆن هاووڵاتی کە زیاترە لە 85%ـی دانیشتووانی کوردستان لە پڕۆژەی رووناکی، کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە.