پارێزگاری هەولێر: پرۆژەی 'رووناکی' ژینگەی شاری پاکتر کردووە
لە هەولێر بەبۆنەی رۆژی ژینگەی جیهانیەوە پارکێکی مۆدێرن لە گەڕەکی نووسەران کرایەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 06ـی حوزەیرانی 2026، بە چاودێریی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر. بەبۆنەی رۆژی ژینگەی جیهانەوە لە رێورەسمێکدا لەسەر رووبەری 3132 مەتر دووجا پارکێکی مۆدێرن لە گەڕەکی نووسەرانی شاری هەولێر کرایەوە.
لە رێوڕەسمەکەدا پارێزگاری هەولێر وێڕای پیرۆزبایی لە دانیشتوانی گەڕەکە و دەستخۆشی لەم هەنگاوە، پڕۆژەکەی بە بەرز نرخاند و تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ زیادکردنی رێژەی سەوزایی، پاراستنی ژینگەی شاری هەولێر، و پاککردنەوەی هەوای شارەکە لە رێگەی ئەو ڕێوشوێنە فەرمییانەی کە لە ماوەی ڕابردوودا گیراوەتەبەر.
هەروەها ئاماژەی بە گرنگی پڕۆژەی رووناکی دا وەک پڕۆژەیەکی نیشتیمانی گرنگ و کوژاندنەوەی مۆلیدە ئەهلییەکان، کە کاریگەرییەکی ئێجگار زۆر گەورە و بەرچاوی هەبووە لە کەمکردنەوەی پیسبوون و پاککردنەوەی ژینگەی شارەکە.