بۆ یەکەمجار لە مێژوودا یاریزانێکی کورد پەیوەندی بە لالیگا دەکات
یانەی کادێزی ئیسپانی لەگەڵ یانەی سلاڤیا پراگی چیکی گەیشتە رێککەوتن، لەسەر گواستنەوەی ئەیهەم ئوسو یاریزانی کوردی هەڵبژاردەی سووریا.
ماڵپەری فەرمی یانە ئیسپانیەکە بڵاویکردەوە، لەگەڵ یانەی سلاڤیا پراگی چیکی لەسەر گواستنەوەی ئەیهەم ئوسو، یاریزانی کوردی رۆژاوای کوردستان و هەڵبژاردەی سوریا، گەیشتنە رێککەوتن و ئەو یاریزانە بۆ ماوەی شەش مانگ بە شێوەی خواستن، پەیوەندی بە یانەکەیانەوە کرد.
ئەیهەم لە ساڵی 2021 پەیوەندی بە یانەی سلاڤیا پراگی چیکی کرد، بەڵام ساڵی رابردوو بە شێوەی خواستن پەیوەندی بە یانەی هاکێنی سویدی کرد، دوای کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە سویدیەکە، گەڕایەوە یانەکەی و ئەمجارەیان بڕیاریدا پەیوەندی بە لالیگای ئیسپانیاوە بکات.
یاریزانە کوردەکە لەگەڵ یانە چیکیەکە بە گشتی بەشداری 73 یاریی کردووە و هیچ گۆڵ و ئاسیستێکی نیە، هەروەها ئەو یاریزانە ئەم وەرزە لەگەڵ یانەکەی، بەشداری 5 یاریی لە یۆرۆپالیگ کردووە.
ئەیهەم ئوسو بە رەگەز خەڵکی رۆژاوای کوردستانە و لە دایکبوی سویدە، ئەو یاریزانە پێشتر یارییەکی بۆ هەڵبژاردەی ئۆڵمپی سویدی کردووە، هەروەها لەگەڵ هەڵبژاردەی سوریا، بەشداری جامی نەتەوەکانی ئاسیای 2023 کرد و بۆ جاری یەکەم گەیشتنە قۆناغی شازدەی پاڵەوانتیەکە.
پێشتر هیچ یاریزانێکی کورد لە مێژوودا لە لالیگای ئیسپانیا یاریی نەکردووە، ئەیهەم دەبێتە یەکەم یاریزانی کورد لە مێژوودا بەشداری لە خولی ئیسپانیا بکات.
