گریزمان: هەڵەم کرد چوومە بارسێلۆنا

ئانتوان گریزمان، یاریزانی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید
ئانتوان گریزمان، یاریزانی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید

ئانتوان گریزمان، یاریزانی فەرەنسی یانەی ئاتلەتیکۆمەدرید لە ساڵی 2019 بەرامبەر 120 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە بارسێلۆناکرد، بەڵام بارودۆخی لەگەڵ یانە کەتەلۆنیەکە بە هیچ شێوەیەک باش نەبوو، دوای دوو ساڵ بەرامبەر 30 ملیۆن یۆرۆ گەڕایەوە مەدرید.

لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ ریزەکانی رۆخێ بلانکۆس، یاریزانە فەرەنسیەکە گەڕایەوە سەر ئاستە راستەقینەکەی و ئەم وەرزە لەگەڵ یانەکەی لە لوتکەدایە، ئەو یاریزانە لەسەرجەم خوڵ و پاڵەوانتیەکان 18 گۆڵ و 7 ئاسیستی تۆمار کردووە. یەکێکە لە یاریزانە دیار و کاریگەرەکانی یانە مەدریدیەکە.

گریزمان لە نوێترین چاوپێکەوتنی لەگەڵ رۆژنامەی وەرزشی مارکای ئیسپانی، لەبارەی هۆکاری جێهێشتنی ریزەکانی بارسێلۆنا و هەروەها گەڕانەوەی بۆ ئاتلێتیکۆ مەدرید دەڵێت " بڕیارمدا ریزەکانی بارسێلۆنا جێبێڵم، چونکە لەرووی دەرونیەوە کاریگەری خراپم لەسەر دروستبوو. هیچ بژاردەیەکم نەبوو جگە لە ڕۆشتن و لە دۆخێکی وادا هەمیشە وا بیر دەکەیتەوە کە گۆڕانکاری باشترین بژاردەیە. ویستم هەموو هەوڵێک بدەم بەڵام دوای چەند مانگێک بۆم دەرکەوت کە بەقەد مەدرید و ئەتلەتی دڵخۆش نیم ''.

یاریزانە فەرەنسیەکە لە بەشێکی دیکەی قسەکانی، دوای گەڕانەوەی بۆ ریزەکانی ئاتلێتیکۆ مەدرید دەڵێت " لە چەند مانگی یەکەمی گەڕانەوەم بۆ ئەتلەتیکۆ، خۆم بە بچووک بینیەوە. فێرناندۆ تۆرێس پێیگووتم ئەگەر هەموو شتێک لە یاریگادا پێشکەش بکەیت، هاندەران ڕێزت لێدەگرن و هەموو شتێک لەبیر دەکەن، ئێستاش زۆر دڵخۆشم کە لێرەم. من هەڵەیەکم کرد کە یانەکەم جێهێشت و پەیوەندیم بە بارسێلۆناوە کرد ''.

Fly Erbil Advertisment