هۆشدارییەک لە کارێمبۆ بۆ ئیسپانیەکان
کریستیان کارێمبۆ یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی فەڕەنسا، هۆشداری دەداتە یاریزانەکانی ئیسپانیا و دەڵێت فەرەنسا لە ئیسپانیا ناترسێت و سبەی شەو کیلیان ئێمباپێ سیناریۆی زێدان دووبارە دەکاتەوە.
لە چاوپێکەوتنێکدا لە سەرووبەندی یارییە گرنگەکەی فەڕەنسا و ئیسپانیا لە قۆناغی پێشکۆتایی یۆرۆی 2024، کارێمبۆ وەڵامی پرسیارە گرنگەکانی دایەوە سەبارەت بە هۆکاری دابەزینی ئاستی فەرەنسا لەم پاڵەوانێتییەدا، بەڵام لە هەمان کاتدا، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان لە ئیسپانیا ناترسن و سەردەکەون.
ناوەڕاستکارەکەی پێشووی هەڵبژاردەی فەڕەنسا، سەبارەت بە وەڵامی ئەو پرسیارەی، ئایا ئێمباپێ لە ئەگەری بەدەستهێنانی ناسناوی یۆرۆ لەگەڵ هەڵبژاردەکەی، دەتوانێت خەڵاتی باڵۆن دۆر بباتەوە گووتی '' بە بڕوای من بردنەوەی ناسناوێکی گرنگی وەکو جامی نەتەوەکانی ئەوروپا، کاریگەرییەکی باشی لەسەر بردنەوەی خەڵاتەکە دەبێتە، بە تایبەت لەم کاتە کە کیلیان پاڵێوراوێکی سەرەکیە بۆ بەدەستهێنانی ئەو خەڵاتە. ئێمباپێ لە قۆناغی پێشکۆتایی ئاستێکی نموونەیی پێشکەش دەکات و سەرکەوتوو دەبێت لە گۆڵ کرد، هەروەها هەر وەکو زێدان دەدریوشێتەوە ''.
هەردوو هەڵبژاردەی فەڕەنسا و ئیسپانیا سبەی سێ شەممە رێککەوتی 9ـی تەمموزی 2024، لە قۆناغی پێشکۆتایی جامی نەتەوەکانی ئەوروپای 2024 رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە، براوەی یارییەکە سەردەکەوێت بۆ یاریی کۆتایی پاڵەوانێتیەکە و هەڵبژاردەی دۆڕاویش ماڵئاوایی دەکات.