عێراق توانای هەناردەکردنی نەوتی بۆ ئاستێکی پێوانەیی بەرز دەکاتەوە

وەزیری نەوتی عێراق، رایگەیاند: توانای هەناردەکردنی نەوتی خاوی وڵات بۆ زیاتر لە سێ ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بەرزبووەتەوە و عێراق توانیویەتی لە سەرەتای مانگی ئەیلوولەوە بە سەرکەوتوویی ئەو رێژەیە هەناردە بکات.

باسم محەمەد خوزەیر، وەزیری نەوتی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان ئاماژەی بەوە کرد، "توانای هەناردەکردنی نەوتی خاوی عێراق بۆ زیاتر لە سێ ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بەرزبووەتەوە."

باسی لەوەش کرد، عێراق لە سەرەتای مانگی ئەیلوولی ئێستاوە توانیویەتی رۆژانە 3 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو هەناردەی بازاڕەکانی جیهان بکات.

وەزیری نەوت سەبارەت بە پلانە داهاتووەکانی عێراق لە کەرتی نەوتدا روونی کردەوە: "حکوومەتی وڵاتەکە پلان دادەنێت بۆ بەرزکردنەوەی توانای هەناردەکردن بۆ پێنج ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، ئەمەش دوای تەواوکردنی کارەکانی بەستنەوە و کارپێکردنی هێڵە ستراتیژییەکانی نەوت کە بەرەو فیشخابوور و بانیاس دەڕۆن، لەگەڵ بەهێزکردن و گەشەپێدانی دەروازەکانی هەناردەکردن لە گەرووی هورمز."