'' هاری کەین هاوشێوەی رۆناڵدۆ بووەتە کێشە ''

هاری کەین هێرشبەری هەڵبژاردەی ئینگلاند
هاری کەین هێرشبەری هەڵبژاردەی ئینگلاند

جەیمی ئۆهارا رەنگە یاریزانێکی بەناوبانگ نەبێت لە جیهان، بەڵام لە ئینگلاند زۆر کەس بە باشی ئەو یاریزانەی پێشووی یانەکانی وۆلڤەرهامبتن و تۆتێنهام دەناسن و ئەو یاریزانەش هێرش دەکاتە سەر هاری کەین هێرشبەری هەڵبژاردەی وڵاتەکەی و هاوشێوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ ناوی دەبات.

یاریزانەکەی پێشووی وۆڤلز لە دیمانەیەکدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی سکای سپۆرت لەبارەی پێکهاتەی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی دەڵێت '' لە یارییەکەی بەرامبەر سویسڕا، گەورەترین گرفت بوونی هاری کەین بوو لە پێکهاتەی سەرەکی، ئێمە لە یارییەکانی پێشووتر هیچمان لەو یاریزانە نەبینی، هاری هاوشێوەی رۆناڵدۆیە و تەنها بەهۆی ناوەکەی لە پێکهاتەی سەرەکیە ''.

ئۆهارا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا رووی دەمی دەکاتە گاریس ساوسگەیت راهێنەری هەڵبژاردەی وڵاتەکەی و دەڵێت '' گاریس پێیوایە بوونی کەین لە یاریگا هێز بە هەڵبژاردەکەی دەدات و هەر ئان و ساتێک رەنگە بتوانێت گۆڵ بکات، بەڵام بە پێچەوانەوە بوونی لە یاریگا بووەتە کێشە ''.

هاری کەین لە کۆی پێنج یاریی هەڵبژاردەی ئینگلاند لە یۆرۆی 2024، تەنها دوو گۆڵی تۆمار کردووە و ئەمجارەیان لەگەڵ هەڵبژاردەکەی، لە قۆناغی پێشکۆتایی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا رووبەڕووی هۆڵەندا دەبێتەوە.