جێگری پارێزگاری هەولێر: هەر بەنزینخانەیەک دەستکاریی کوالێتیی بەنزین بکات، سزا دەدرێت

جێگری پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، هەر بەنزینخانەیەک دەستکاریی کوالێتی بەنزین بکات لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 1ـی ئابی 2024، هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "لیژنەکانی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر، کە سەر وەزارەتی سامانە سروشتییەکانن بە هەماهەنگیی لەگەڵ پارێزگای هەولێر،  ڕۆژانە بەدواداچوون و پشکنین بۆ ئەو بەنزینخانانە دەکەن و نموونەی جۆری بەنزینەکەیان لێ وەردەگیرێت".

جێگری پارێزگاری هەولێر دەڵێت: لە دوومانگی ڕابردووەوە، لیژنەکان کە تاقیگەیەکی سەربەخۆیان هەیە، لەناو بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر، بە شیوەیەکی ورد لێکۆڵینەوە لەجۆری ئەو نموونەی بەنزینە دەکەن".

دەشڵێت: دەرچوونی لیژنەکان دیار نییە بۆ ئەوەی کەس نەزانێت و دەستوەردان لە ناوی بەنزینخانەکان و پشکنینەکان بکات، بەشێوەیەکی هەڕەمەکی لیژنەکان 15 بۆ 25 بەنزینخانە دەپشکنن، جاری وا هەیە بەنزینخانەیەک دووجار پشکنینی بۆ کراوە، بۆ ئەوەی دڵنیا نەبێت لەوەی تاکو ماوەیەکی دوور لیژنەکە نایەت.

گوتیشی:ئیستە لیژنەکە کارەکانی خۆی و کاتەکانیشی گۆڕیوە و لەماوەکانی ڕابردووشدا کاری زۆر باشی کردووە. لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردووش دا، لە کۆی 30 بەنزینخانە تەنیا دوو بەنزینخانە کێشەی کوالێتی بەنزینیان هەبووە، ئەوانیش لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.

باسی لەوەش کرد "لێکۆڵینەوەکاندا ئەگەر وێستگەی بەنزینخانەکە سەرپێچیی کردبێت، ئەوا  بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک دادەخرێت. سزای پێ بژاردنیش دەکرێت؛ ئەگەر بێت و دووبارەش بێتەوە سزاکەی زۆرتر دەبێت. هەروەها بەردەوام چاودێریی ئەو لیژنە دەکەین تاکو هەماهەنگ بن لەگەڵ ئێمە و پۆلیس و قایمقامییەتییەکان بەردەوام بن لە  ئەرکی خۆیان".

ئاماژەی بەوەش دا، "ئەو بەنزینانەی لە دەرەوەی شار دێت، بەبێ پشکنین ڕێگە نادرێت بێتە ناو شاری هەولێر، چونکە دوو سەرچاوەی بەنزینمان هەیە لە دوو پاڵاوگەوە دێت، کە کوالێتییەکەیان زۆر باشە لە پشکنینی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەرچوون و ڕێگە پێدراون، بەڵام کاتێک دێتە ناو وێستگەکان یان گۆڕەپانی سووتەمەنی، ڕەنگە دەستکاری کوالێتی بەنزین و گازوایل و نەوت بکەن، ئێمەش لای خۆمانەوە بەردەوام چاودێری ئەو شوێنانە دەکەین".

هێمن قادر ڕاشیگەیاند "هاووڵاتییان ئاگادار دەکەینەوە لە هەر وێستگە و بەنزینخانەیەک کێشەیان هەبوو، ئاگادارمان بکەنەوە بۆ ئەوەی ئێمە دەستبەجێ لیژنەکانمان بەدواداچوونی بۆ بکەن و لێکۆڵینەوەش لەگەڵ خاوەن وێستگەکە بکرێت".