نرخی نەوت بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز بەرزبووەوە

دوای دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی نێوان ئەمریکا- ئیسرائیل و ئێران نرخی نەوت بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینی، بە تایبەت دوای ئەوەی ئێران داخستنی گەرووی هورمزی راگەیاند.

پێنشەممە 11ـی حوزەیرانی 2026، بە هۆی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، جارێکی دیکە گەرووی هورمز لە لایەن حکوومەتی تارانەوە داخرا و نرخی نەوتی لە بازاڕە جیهانییەکان بەرزکردەوە، چونکە گەرووی هورمز یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی نەوت و گاز، ئەم بڕیارەی ئێران دوای ئەوە هات ئەمریکا هێرشی نوێی کردە سەر چەند ئامانجێکی ئێرانی، لە هەمان کاتدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی بەردەوامبوونی هێرشەکانی کرد ئەگەر رێککەوتنێکی ئاشتی نەیەتە ئاراوە.

بەو هۆکارانەش، نرخی گرێبەستە ئایندەییەکانی نەوتی خاوی برێنت بە رێژەی 1.59% بەرزبووەوە و گەیشتە 94.58 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. هەروەها نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکی بە رێژەی 1.90% بەرزبووەوە و گەیشتە 91.74 دۆلار، دوای ئەوەی لە کاتی مامەڵەکاندا بۆ ماوەیەک زیاتر لە 3 دۆلار بەرزبوونەوەی تۆمارکردبوو.

لای خۆیەوە، فەرماندەیی سەربازی باڵای ئێران رایگەیاند، گەرووی هورمزیان بەڕووی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان و کەشتییە بازرگانییەکاندا داخستووە و هۆشدارییان دا کە هەر کەشتییەک هەوڵی تێپەڕین بدات دەکرێتە ئامانج، لە بەرامبەردا سوپای ئەمریکا رایگەیاند، کەشتییە بازرگانییەکان هێشتا لە هەردوو ئاراستەکەوە بە گەرووەکەدا تێدەپەڕن و ئاماژەی بەوەش کرد کە هیچ کەشتییەکی جەنگی ئەمریکی رووبەڕووی هێرش نەبووەتەوە.

مەترسییەکان سەبارەت بە دابینکردنی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا بووەتە هۆی پاڵپشتی نرخەکان، بەتایبەت دوای ئەوەی کۆگاکانی نەوتی خاوی ئەمریکا لە هەفتەی رابردوودا بە بڕی 7.2 ملیۆن بەرمیل کەمیان کرد، لە کاتێکدا پێشبینی دەکرا تەنها 4 ملیۆن بەرمیل کەم بکەن.

هەروەها لە کۆتایی مانگی شوباتەوە، کۆگاکانی نەوتی ئەمریکا (بە کۆگای یەدەگی ستراتیژیشەوە) نزیکەی 79 ملیۆن بەرمیل کەمی کردووە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی بەهۆی پەککەوتنی جووڵەی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز دروست بووە.

لەلایەکی دیکەوە، راپرسییەکی ئاژانسی رۆیتەرز نیشانی دەدات، بەرهەمهێنانی رێکخراوی ئۆپێک لە مانگی ئایاردا بۆ نزمترین ئاستی خۆی لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا دابەزیوە، ئەمەش بەهۆی کەمبوونەوەی هەناردەی ئێران و کاریگەرییەکان لەسەر بارە نەوتییەکانی چەند وڵاتێکی کەنداو.