کۆبوونەوەیەکی پێنجقۆڵی بۆ تاوتوێکردنی پرسی ئەمریکا و ئێران بەڕێوەدەچێت

سەرچاوە میدیاییەکان ئاشکرایان کردووە، کە کۆبوونەوەیەکی پێنجقۆڵی، بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی هەوڵەکانی نێوەندگیریی ئیسلام ئاباد لە نێوان واشنتن و تاراندا، بەڕێوەدەچێت.

پێنجشەممە، 11ـی حوزەیرانی 2026،  کەناڵی "العربية" لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای کردووە کە کۆبوونەوەیەکی پێنجقۆڵی چاوەڕوانکراو بەڕێوەدەچێت، کە تیایدا نوێنەرانی وڵاتانی سعوودیە، پاکستان، قەتەر، میسر و تورکیا بەشدار دەبن، بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئیسلامئاباد بۆ نێوەندگیری.

هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئامانجی سەرەکیی ئەم کۆبوونەوە پێنجقۆڵییە، گەڕانە بە دوای دۆزینەوەی گەرەنتی پێویست بۆ جێبەجێکردنی هەر رێککەوتنێکی ئەگەری کە لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا بێتە ئاراوە.

ئەم هەوڵە پێنجقۆڵییە لە کاتێکدایە، کە ناوچەکە لە ژێر گرژییەکی سیاسی و سەربازیی بەردەوامدایە و، هەوڵە هەرێمییەکان چڕکراونەتەوە بۆ رێگریکردن لە هەر جۆرە پەرەسەندنێکی نوێ و دابینکردنی زەمینەی گونجاو بۆ سەرکەوتنی دیپلۆماسی نێوان تاران و واشنتن.

هەروەها هەر ئەمڕۆ، تاهیر ئەندریب، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو: "زۆر قورسە لە ژێر سایەی ئەم دۆخە نالەبارەی ئێستا گەشبین بین، کە تێیدا شاهێدی پێکدادانی ئاشکرای نێوان ئەمریکا و ئێرانین، بەڵام هێشتا بێومێد نەبوون لە بەدیهێنانی پێشکەوتن لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانمان.