ئومێد خۆشناو: پشکی پارێزگای هەولێر لە بەغدا 300 ملیار دینارە
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: بەهۆی ئەو ستەمەی حکوومەتی عێراقی لە ساڵانی ڕابردوودا لە هەرێمی کوردستانی کردووە، نەتوانراوە پرۆژەکان وەک خۆیان جێبەجێ بکرێن.
ئومێد خۆشناو، پارێزگای هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ئاشکرای کرد: بە پشت بەستن بە داهاتی ناوخۆ و چاکسازییەکانی حکوومەت، دەست بە پرۆژەکانی سنووری هەولێر کراوەتەوە، گوتیشی: ئەگەر حکوومەتی عێراق بوودجەی پەرەپێدان بۆ پارێزگای هەولێر دابین بکات، پشکیان دەبێتە نزیکەی 300 ملیار دینار، واتە دوو بەرانبەری ئەو بوودجەیەی کە لەبەردەستیانە بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکان.
ئومێد خۆشناو گوتی: بەهۆی ئەو ناهەقییەی حکوومەتی عێراقی بەرامبەر هەرێمی کوردستانی کرد لە بڕینی بوودجە، وای کرد جێبەجێ کردنی پرۆژەکان بە سیستی بەڕێوە بچێت، بەڵام لە ساڵی 2021 ەوە بە ئیرادەی ناوخۆیی و بەرزکردنەوەی داهات، هەروەها کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکوومەت و چاکسازییەکان، پرۆژەکان دەستیان پێ کردووە. ژمارەک لە پرۆژەکان تەواو کران و ژمارەیەکی دیکەش لە قۆناغی تەواوکردندان.
پارێزگاری هەولێر، هیوادارە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کۆتاییان پێ بێت و شایستەکان لە بەغداوە وەربگرن چونکە تەواوی شارەکانی عێراق بوودجەی پەرەپێدان وەردەگرن، دەشڵێت: بەپێی ئەو پلانەی بۆ ئەمساڵ دامان ڕشتووە، پێویستی بە 121 ملیار دینارە لە سنووری پارێزگای هەولێر، بەڵام پشکی ئێمە لە بەغدا 300 ملیار دینارە.