بارانبارین بووە هۆی رووداوێکی سەختی هاتوچۆ لە تورکیا

لە رووداوێکی سەختی هاتوچۆدا لە تورکیا بەهۆی وەرگەڕانی پاسێکەوە 40 کەس برینداربوون و رەوانەی دوو نەخۆشخانەی جیاواز کران.

ئاژانسی هەواڵیی تورکیا رایگەیاند، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 25ـی تەممووزی 2026، بەهۆی بارانبارینەوە پاسێکی سەرنشینهەڵگر لەسەر رێگەی نێوان پارێزگای کرککالە و پارێزگای سامسون وەرگەڕاوە و کەوتووەتە تەنیشت رێگەکەوە.

 دواتر ژمارەیەکی زۆر لە تیمەکانی فریاگوزاری گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و سەرنشینەکانیان رزگارکردووە. 

لە ناو پاسەکەدا 42 کەس هەبوون، 40 کەسیان برینداربوون و سیانیان ستافی پاسەکە بوون. بریندارەکان بۆ دوو نەخۆشخانەی جیاواز گواستراونەتەوە.

ئاژانسی هەواڵی تورکیا ئاماژەی بەوەش کردووە، هێزە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە دەستیپێکردووە.