عه‌بادی: ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ به باشی به‌رێوه‌ده‌چێت
سه‌ركه‌وتن نزیكه
K24 – هه‌ولێر:
حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق رایگه‌یاند" ئۆپه‌راسیۆنی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ به شێوه‌یه‌كی زۆر باش به‌ریوه‌ده‌چێت و سه‌ركه‌وتنی هێزه عێراقییه‌كان به سه‌ر چه‌كدارانی داعشدا نزیكه.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا كه نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی عه‌بادی بڵاویكردووه‌ته‌وه،ئاماژه به‌وه‌كراوه كه له كاتی سه‌ردانی عه‌بادی بۆ فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش و ئاگاداربوون له چۆنییه‌تی به‌ریوه‌چوونی پرۆسه سه‌ربازییه‌كانی"هاتین نه‌ینه‌وا" له باش به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌كه دڵنیابووه‌ته‌وه و پێشڕه‌وی هێزه عێراقییه‌كانی له به‌رامبه‌ر چه‌كدارانی داعش به‌رز نرخاندووه و گوێی بۆ پلان و پێشنیاری فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كانیش گرتووه و چه‌ند رێنماییه‌كی نوێی بۆ باشتر به‌ریوه‌چوونی پرۆسه‌كه پێداوون.
له‌و سه‌ردانه‌دا سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق گوتوویه‌تی" به‌گوێره‌ی پلانه داڕێژراوه‌كانی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه ده‌رده‌كه‌وێت هێزه عێراقییه‌كان داستانی گه‌وره‌یان تۆماركردووه و له زۆر ناوچه‌ی گرنگ به‌سه‌ر داعشدا سه‌ركه‌وتوون،باسی ئه‌وه‌شیكردووه پێویسته ژیانی سه‌ربازانی عێراقی و خه‌ڵكی سڤیلی موسڵ بپارێزرێت و دڵنیاییداوه كه سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعشدا نزیكه.
دوای مانگێك له ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ،هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و هێزه عێراقییه‌كان توانیوویانه چه‌ند ناوچه‌یه‌كی فراوان و چه‌ندین قه‌زا و ناحیه و گوند و ژماره‌یه‌ك گه‌ڕه‌كی سه‌نته‌ری شاری موسڵ له ده‌ست چه‌كدارانی داعش ده‌ربهێنن و شه‌ڕی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی شاره‌كه به‌رده‌وامه.