جەرجیس رەشید بووە یەکەم وەرزشوانی کورد و عێراقی ناوی بچێتە ناو کتێبی گینس

دوو ریکۆردی جیهانی لە شناولێدان شکاند

K24- هەولێر

جەرجیس رەشید بووە یەکەم وەرزشوانی کورد لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق ریکۆردی کتێبی گینس بشکێنێت.

جەرجیس بۆ شکاندنی دوو ریکۆرد چوو بووە ئیمارات، بەڵام رێگەی پێنەدرا و هەلی شکاندنی دوو ریکۆردی بۆ رەخسا. لە ماوەی خولەکێکدا بە هەڵگرتنی 18 کیلۆ لەسەر پشتی 49 شناوی لەسەر قاچێک لێدا و ریکۆردی شکاند، دواتریش بە هەڵگرتنی 18 کیلۆ لەسەر پشتی  35 شناوی لەسەر پەنجەکانی لە ماوەی خولەکێک لێدا و بە شکاندنی دوو ریکۆرد بووە ریکۆردەرێکی جیهانی.

جەرجیس کە دوو مانگ لەمەوبەر لە کاتی بەشداریکردنی لە ئەمڕۆی وەرزشی کوردستان24 بەڵێنی دابوو بە شکاندنی ریکۆرد بگەڕێتەوە کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە گەڕایەوە کوردستان و کوردستان24 وەکو تاکە دەزگای راگەیاندن لە فڕۆکەخانەی نیودەوڵەتی هەولێر لە پێشوازی دابوو.

جەرجیس دوای گەڕانەوەی بۆ کوردستان چەند جارێک گریا لەبارەی هۆکاری گریانەکەی بە کوردستان24ی راگەیاند 'من خەم بۆ ئەوە دەخۆم سەرەڕای ئەو هەموو ماندوو بوون و شەکەتییەم، کەچی دواجار بەهۆی بێ وڵاتی دەستکەوت و ریکۆردەکەم بۆ عێراق هەژمارکرا، هەرچەند داوام لێکردن ناوی کوردستان لەسەر بڕوانامەکەم بنووسن، بەڵام لەبەر ئەوەی کوردستان سەربەخۆ نییە، پێشنیازەکەی منیان رەتکردەوە'.

ریکۆردەرە دهۆکییەکە بە کوردستان24یشی راگەیاند، دوای چەند مانگێکی دیکە دەچێتە تورکیا یان ئەڵمانیا و بەنیازی شکاندنی چەند ریکۆردێکی دیکەیە.

ئەو دوو ریکۆردەی جەرجیس رەشید لە کتێبی گینس تۆماری کردن
ئەو دوو ریکۆردەی جەرجیس رەشید لە کتێبی گینس تۆماری کردن
جەرجیس رەشید و دەرباز ئەحمەدی پەیامنیری کوردستان24 لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر
جەرجیس رەشید و دەرباز ئەحمەدی پەیامنیری کوردستان24 لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر