بەڤیدیۆ.. یەکەم کاریگەریی لۆپیتێخی بەسەر ریال مەدرید ئاشکرابوو
ریال مەدرید بەرامبەر لیگانێس ریکۆردی شکاند
ریال مەدرید بەرامبەر لیگانێس ریکۆردێکی مێژوویی شکاند و یەکەم کاریگەریی جولیان لۆپیتێخی بەسەر ریال مەدریددا بە روونی دەرکەوت.
لە یاریی بەرامبەر لیگانێس، کە لەمیانی یارییەکانی گەڕی سێیەمی لالیگا ریال مەدرید 4-1 سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بۆیەکەمجار لە مێژووی یانەکە ریال مەدرید لە یارییەکەدا لە کاتی ئاسایی 798 پاسی دروستی دا، کە لە مێژووی یانە مەدریدییەکەدا یەکەمجاربوو یاریزانانی یانەکە لە کاتی ئاسایی یارییەکدا ئەوەندە پاسە دروستە بدەن.
یاریزانەکانی مێرێنگی لە کۆی 882 پاس لە یارییەکەی لیگانێس %91,82 پاسیان دروستبوو، ئەمەش یەکەم شوێنپەنجەی لۆپیتێخی لەسەر یانەکە دەردەخات، کە ریال مەدرید سێ یارییە لەسەر یەکتری لە لالیگا سەرکەوتنی بەدەست دەهێنێت.
جولیان لۆپیتێخی ئەم هاوینە ئەرکی راهێنەرایەتی ریال مەدریدی گرتووەتە ئەستۆ و دوای رۆیشتنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، یانەکە بەکۆمەڵ یاریی دەکات و جیاواز لە ریال مەدریدی چەند وەرزی رابردوو مێرێنگی لەجیاتی یاریزانێک پشت بە سەرجەم یاریزانەکانی یانەکە دەبەستێت.