هەواڵێکی ناخۆش بۆ هاندەرانی ریاڵ مەدرید

ئاردا گولەر - کیلیان ئێمباپێ
ئاردا گولەر - کیلیان ئێمباپێ

هەواڵێکی ناخۆش بۆ یانەی ڕیاڵ مەدرید بڵاوبووەوە، ئەویش ئەوەیە ئاردا گولەر ناوەڕستکاری ئەو یانەیە تووشی پێکانێکی ماسولکەیی بووە و بەشدارییکردنی لە یاریی بەرامبەر ریاڵ بێتیس لە گەڕی داهاتووی لالیگا کەوتووەتە گومانەوە.

رۆژنامەی وەرزشی مارکای ئیسپانی بڵاویکردەوە، لە راهێنانەکانی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆی یانەی ریاڵ مەدرید، ئاردا گولەر ناوەڕاستکاری یانەکە بەهۆی هەست کردن بە ئازار لە ماسولکەکانی بەشداری نەکردووە و بە تەنیا لە هۆڵی وەرزشی خەریکی ئامادەکاری بووە.

سەرچاوەکە بڵاویشی کردەوە ئاردا لە هۆڵی وەرزشی مایەوە بۆ ئەوەی پێش ئەنجامدانی پشکنینی MRI لە "ڤاڵدێبێباس" بە مەبەستی ڕوونکردنەوەی وردی ئەوەی کە چی ڕوویداوە و بۆ دڵنیابوونەوە لە نەبوونی هیچ پێکانێکی مەترسیدار،  ئەو یاریزانە لەگەڵ ڕاهێنەرێک و پزیشکێکی چارەسەری سروشتی، چەندین ڕاهێنانی چاکبوونەوەی (ریکاڤەری) ئەنجامدا.

لەلایەکی دیکەوە ئێدەر میلیتاو بەرگریکاری بەڕازیلی یانەکەش، کە لە یاری رابردووی یانەکەی تووشی پێکان بووە، ئەو یاریزانەش بەشداری کۆتا یەکەی ئامادەکاری یانەکەی نەکردووە و چاوەڕێ کۆتا راپۆرتی پزیشکی یانەکەی دەکات.