خانمە یاریزانێکی بارسێلۆنا ریکۆردێکی مێسی یەکسان دەکاتەوە

ئەلێکسیا پوتێیاس - لیۆنێل مێسی
ئەلێکسیا پوتێیاس - لیۆنێل مێسی

لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی پێشووی یانەی بارسێلۆنا، خاوەنی زۆرترین ناسناوی لالیگایە لەگەڵ یانەکەی پێشووی و ئەو کاتەی لە ریزەکانی یانە کەتەلۆنیەکە یاری دەکرد، توانی 10 ناسناوی خولی ئیسپانیا بباتەوە، ئێستاش خانمە یاریزانێکی ئەو یانە ژمارەی ناسناوەکانی لەگەڵ مێسی یەکسانکردووەتەوە.

تیپی خانمانی یانەی بارسێلۆنا دوای ئەوەی توانی گەڕی رابردوو، لە یاری دێربی کەتەلۆنیا بە ئەنجامی 4-1 لە خانمانی ئیسپانیۆل ببەنەوە، ناسناوی ئەم وەرزەی خولی ئیسپانیایان مسۆگەر کرد، بەمەش ئەلێکسیا پوتێیاس ئەستێرەی بلاوگرانا توانی دەیەمین ناسناوی خولەکە لەگەڵ یانەکەی بباتەوە و ژمارەی پێوانەیی لەگەڵ لیۆنێل مێسی یەکسانکردەوە.

تیپی خانمانی یانەی بارسێلۆنا 11 جار ناسناوی خولی ئیسپانیای بردووەتەوە و ئەلێکسیا پوتێیاس ئەستێرەی ئەو یانەیە، بەشداری بردنەوەی 10 ناسناوی یانەکەی کردووە، بەمەش بووە یەکەم خانمە یاریزانە ئەو رێژەیە ناسناوەیە لەگەڵ یانەکەی بباتەوە.

پوتێیاس لە ئەگەری بەدەستهێنانی ناسناوێکی دیکەی لالیگا لەگەڵ خانمانی یانەی بارسێلۆنا، ئەو کاتە ژمارەی پێوانەیی مێسی دەرباز دەکات و دەبێتە یەکەم یاریزانە لە مێژووی بلاوگرانا، زۆرترین ناسناوی خولی نێوخۆیی لەگەڵ یانەکەی بباتەوە.