ترەمپ دەیەوێت جۆرجیا میلۆنی ئاشتبکاتەوە
نزیکەی 50 رۆژ بۆ دەستپێکردنی مۆندیالی 2026 ماوە کە بڕیارە لە ئەمریکا و کەنەدا و مەکسیک بکرێت، تاوەکو ئەم ساتەش بەشداری کردنی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران لە پاڵەوانێتیەکە یەکلایی نەبووە و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاش هەوڵ بۆ دوورخستنەوەی ئەو هەڵبژاردەیە دەدات.
ڕۆژنامەی فاینانشاڵ تایمز بڵاویکردەوە، یەکێک لە نێردراوە باڵاکانی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، داوای لە فێدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێێ کردووە، بۆ ئەوەی ئیتاڵیا لە مۆندیالی داهاتوودا شوێنی ئێران بگرێتەوە و ئەو هەڵبژاردەیە لەو پاڵەوانێتیە دووربخاتەوە.
سەرچاوەکە بڵاویشی کردووەتەوە ئەم پلانە هەوڵێکە بۆ چاککردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان دۆناڵد ترەمپ و جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا، ئەو پەیوەندییانەی کە دوای ڕەخنەکانی سەرۆکی ئەمریکا لە پاپا لیۆی چواردەهەم سەبارەت بە جەنگی ئێران، تووشی گرژی ببوو.
پائۆلۆ زامپۆلی، نێردەی تایبەتی ئەمریکا، بە فاینانشاڵ تایمزی ڕاگەیاندووە '' پشتڕاستی دەکەمەوە کە پێشنیازم بۆ ترەمپ و جیانی ئینفانتینۆ سەرۆکی فیفا کردووە، ئیتاڵیا لە مۆندیالی 2026 شوێنی ئێران بگرێتەوە. من لە بنەڕەتدا ئیتاڵیم و بینینی ئازۆری لە پاڵەوانێتیەکدا کە لە ئەمریکا بەڕێوەدەچێت خەونێکە ''.
لەلایەکی دیکەوە ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە کە دەستبەجێ دوای بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، پەیوەندی بە کۆشکی سپی و بەرپرسانی فیفا و هەروەها فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێرانەوە کردووە، بەڵام هەموویان بێدەنگییان هەڵبژاردووە و هیچ وەڵامێکیان نەداوەتەوە.
هەروەها ڕۆژنامەی فاینانشاڵ تایمز بڵاویکردەوە کە ئێران ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاندووە بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالی 2026 ئامادەیە و بەنیازی بەشدارییکردنە لەو پاڵەوانێتیە، هەرچەندە ڕۆیتەرز نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ ڕاست و دروستیی ئەم ڕاپۆرتە پشتڕاست بکاتەوە.