کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە یۆڤێنتۆس چی بەسەر هاتووە؟
سێ یارییە لەسەر یەکتری کریستیانۆ رۆناڵدۆ ناتوانێت لەگەڵ یۆڤێنتۆس گۆڵ تۆمار بکات
سێیەم یارییە لەسەر یەک کریستیانۆ رۆناڵدۆ ناتوانێت لەگەڵ یۆڤێنتۆس گۆڵ تۆمار بکات، لە کاتێکدا ئەو هێرشبەرە پۆرتوگالییە ئەم هاوینە بەرامبەر 117 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندیی بە ریزەکانی یانە ئیتالییەکەوە کردووە.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ سێ یارییە لەسەر یەکتری ناتوانێت گۆڵتۆمار بکات، شەوی رابردوو بەرامبەر پارما جارێکی دیکە لە گۆڵتۆمارکردن شکستیهێنا و ئەو هێرشبەرە پۆرتوگالییە 270 خولەکە بە درێسی بیانکۆنێری یاریی دەکات، بەبێ ئەوەی گۆڵێکیش تۆمار بکات، لە ماوەی ئەو سێ یارییەدا تەنیا ئەسیستێکی کردووە.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەسەر ئاستی هەر پێنج خولە بەهێزەکەی ئەوروپا تاکە یاریزانە 23 شووتی ئاڕاستەی گۆڵی رکابەرەکانی کردبێت بەبێ ئەوەی هیچ گۆڵێک تۆمار بکات کە 9 شووتیشی بۆ ناو چوارچێوەی گۆڵ بووە، بەڵام ئەمە بۆ کریستیانۆ نوێ نییە، وەرزی رابردووش دۆن لەگەڵ ریال مەدرید 28 شووتی ئاڕاستەی گۆڵ کرد تاکو یەکەم گۆڵی لە لالیگا کرد، کەچی لە کۆتایی وەرزەکەدا لە 26 یاریی توانی 27 گۆڵ تۆمار بکات.
