ههڕهشهی رووخاندنی سێ گوندی كوردنشین دهكرێت
ھێزە عێراقییەكان ناتوانن خەڵكی ناوچەكە بپارێزن
K24 - گەرمیان
ھەرسێ گوندی گڵاباتی سنووری شارەدێی جەبارە کە دانیشتووانەکەی کوردن و چەند مانگێکە بەھۆی ھەڕەشەی داعش و نە پاراستنیان لەلایەن ھێزەکانی عێراقەوە ئاوارە بووونە، سوپای عێراق مۆڵەتی دوو رۆژی پێداون ئەگەر نەگەڕێنەوە، ئەوا گوندەکانیان دەڕووخێنن. بەرپرسانی کوردی ناوچەکەش دەڵێن ئەوە شێوازێکی دیكەی تەعریب کردنی خاکی کوردستانە و داوای بەھاناوەچوونی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەن.
ئارێز محهمەد، ھاووڵاتییەكی دانیشتووی گوندی گڵاباتە ئەو دەڵێت: "حكوومەتی عێراقی ماوەی دوو رۆژ مۆڵەتی پێداوین، ھەركەسێك نەگەڕێتەوە گوندەكە خانووبەرەی لێدەڕوخێنن، خەڵكیش بڕوای نەوە نییە كە دەیانپارێزن، بۆیە ناوێرن بگەڕێنەوە، چونكە بەردەوام لەلایەن چەكدارانی داعش بۆمب لە گوندەكە دادەنرێ و بۆردوومان دەكرێین".
گوتیشی: "داوا لە حكوومەتی ھەرێمی كورستان دەكەین، بە ھەر شێوەیەك بێت ھێزەكانی پێشمەرگە بگەڕێننەوە ناوچەكەمان".
بەرپرسانی کوردی ناوچەکەش دەڵین، تاکەچارەسەر بۆ پاراستنی ھاووڵاتییانی ناوچەکە گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستانە و ھەڕەشەی رووخاندنی گوندە کوردیەکانیش لەلایەن سوپای عێراقەوە بە پڕۆسەیەکی تەعریب دەزانن دژی کورد لە دیالە.
کەمال ئیبراھیم، بەرپرسی ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە جەبارە بە كوردستان24 راگەیاند: "ئەو بڕیارەی ھێزەكانی عێراق جۆرێكە لە سیاسەت و تەعریب. ئەو ھێزانەی عێراق ناتوانن خەڵك بپارێزن، بۆیە داوا لە حكوومەتی ھەرێم دەكەین لەسەر ئەو پرسە بێتەدەنگ، چونكە زۆربەی گوندەكانی ئەو سنوورە كورد نشینن و زۆربەی خەڵكەكە ئاوارە بوونە".
لەدوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە ھەر رۆژەو بە بیانوویەك پۆستێکی ئیداری لە کورد وەردەگیرێتەوە و بە عەرەب یان تورکمانێك دەدرێت، جیا لەوەش تیرۆرکردنی ھاووڵاتییانی کورد و دەرکردنیان لە گوندەکان و ھێنانی عەرەبی ھاوردە بۆ جیگاکانیان بووەتە ھۆکارێك خەریکە بە تەواوەتی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی سنووری پارێزگای دیالە نامێنێت.
ھ.م