ئالووسی بۆ زەیدی: ئەوانەی وەفایان بۆ خەباتی پێشمەرگە نەبووە، بۆتۆش دڵسۆز نابن
سیاسەتمەدارێکی عێراقی، پەیامێکی گرنگی ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە کرد و تێیدا جەختی لە گرنگیی بەردەوامبوونی هەڵمەتی دژە گەندەڵی و هەماهەنگیی نێوان بەغدا و هەولێر کردەوە و، هۆشداریشی دا لە پیلانی گەندەڵکاران و مافیاکانی ماددەی هۆشبەر.
هەینی، 5ـی حوزەیرانی 2026، میسال ئالووسی، سیاسەتمەداری عێراقی، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی ئاراستەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە کرد و تێیدا هەڵوێستی خۆی لەسەر دۆخی سیاسی و هەڵمەتەکانی دژە گەندەڵی خستە روو.
ئالووسی لە سەرەتای پەیامەکەیدا دووپاتی کردەوە، کە ئەو هیچ داواکاری و بەرژەوەندییەکی تایبەتی لەگەڵ حکوومەتدا نییە و گوزەرانی لە لادێیەکەی خۆی بەلاوە پەسەندترە لە گەڕانەوە بۆ نێو کایەی سیاسی، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد کە سەرکەوتنی زەیدی بەلاوە گرنگە لە پێناو پاراستنی گەلی عێراقدا.
هاوکات بە زەیدی دەڵێت: "هەمووان بە بایەخەوە چاودێریی دۆخەکە دەکەن، هەندێک لە خەڵکان تۆیان خۆشدەوێت و هیوای سەرکەوتنت بنۆ دەخوازن، بەڵام هەندێکی دیکەشیان هەرگیز هیوای ئەوە ناخوازن کە سەرکەوتوو بیت".
ئەم سیاسەتمەدارە ستایشی هەنگاوەکانی دژە گەندەڵی کرد لە پارێزگای سەڵاحەددین و کەرتی نەوت و بە "گورزێکی زیرەکانە" وەسفی کردن و، هۆشداریشی دا لە پاشەکشەکردن لەم هەڵمەتانە لە بەرامبەر مەکری گەندەڵکاراندا.
هاوكات ئالووسی، دەستپێشخەری و لێکتێگەیشتنەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی بۆ کاری هاوبەش بە بەرز نرخاند و رایگەیاند: کە ئەم پێشکەوتنە لە پەیوەندییەکان، مافیاکانی ماددەی هۆشبەری کاپتاگۆن و گەندەڵکارانی تووشی شڵەژان و ترس کردووە.
لە درێژەی پەیامەکەی ئالووسی بۆ زەیدی، هۆشداریی لە "ژەهری ستەم"ـی نەیاران دا گوتی: "زۆر وریابە ستەمکاران هەوڵ دەدەن تۆ و حکوومەتەکەت بخەنە تەڵەوە".
ئەو سیاسەتمەدارە، لە پەیامەکەیدا بۆ عەلی زەیدی، ئەوەشی خستووەتە روو: "ئەوانەی شەرم لە دەڵاڵی و فرۆشتنی خەباتی پێشمەرگە ناکەن، تۆ، سەروەری عێراق و حکوومەتەکەشت بە هەرزانترین نرخ دەفرۆشن."
ئالووسی لە درێژەی پەیامەکەیدا جەختی کردەوە، سەرکەوتنی عەلی زەیدی بەسەر ئاڵنگارییەکاندا، تەنیا بژاردەی بەردەستە بۆ رێگریکردن لە داڕمانی وڵات.