ستارمەر: رەنگە رووسیا هێرش بکاتە سەر وڵاتانی ناتۆ

کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا هۆشداری دا، رەنگە رووسیا لە ساڵی 2030 هێرش بکاتە سەر هاوپەیمانی ناتۆ، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە وڵاتەکەی پێویستە توانای سەربازی خۆی پەرە پێ بدات بۆ ئەوەی بۆ هەر ئەگەرێکی لەو شێوەیە ئامادە بێت.

هەینی 5ـی حوزەیرانی 2026، کییەر ستارمەر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە کاتی سەردانێکی بۆ کارگەیەکی پیشەسازی بەرگری لە ویڵتشایەر گوتی: "بەپێی خەمڵاندنی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئێمە و دەزگای وڵاتانی تری ناو ناتۆ، رەنگە هێرشی رووسیا بۆ سەر هاوپەیمانی ناتۆ لە ساڵی 2030 دەست پێ بکات."

ستارمەر گوتیشی: "زیادەڕەوی نییە ئەگەر بڵێین ئێمە لە مەترسیدارترین و ناڕوونترین قۆناغی ژیانماندا دەژین،" ئاماژەی بەوە شکرد، بەرپرسیارێتی حکوومەتەکەیەتی کە وڵاتەکە بە ئامادەیی بهێڵێتەوە.

ئەم قسانەی ستارمەر دوای هۆشدارییەکی هاوشێوەی مارک روتە، سکرتێری گشتی ناتۆ دێت کە لە مانگی کانوونی یەکەمدا رایگەیاندبوو، رووسیا رەنگە لە ماوەی پێنج ساڵدا ئامادە بێت بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازی دژی ناتۆ.

بەریتانیا بەڵێنی داوە لە ساڵانی داهاتوودا خەرجییە سەربازییەکانی زیاد بکات، ستارمەر ئاماژەی بەوە کرد، پێش لوتکەی ناتۆ لە سەرەتای مانگی تەمموزدا، حکوومەت پلانەکانی خۆی بۆ وەبەرهێنانی بەرگری رادەگەیەنێت، هەروەها جەختی لەوەکردەوە، ئەم پلانە پێشتر بڕیار بوو لە پاییزی 2025 ئاشکرا بکرێت، بەڵام بەهۆی کاریگەرییە ئابورییەکانی جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە کاتەکەی گۆڕدراوە.

لە لایەکی دیکەوە، ریتشارد نایتۆن، سەرۆکی ئەرکانی سوپا، رۆژی هەینی هۆشداری دا، دەبێت بەریتانیا زیاتر و خێراتر خەرجی بەرگری زیاد بکات و رایگەیاند، ئاماژەی بەوەشکرد، رووسیا خەریکی تاقیکردنەوەی بەرگرییەکانیانە، هەروەها ناوبراو داوای کرد وەبەرهێنانی زیاتر لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و سیستەمە زیرەکەکاندا بکرێت.

بەریتانیا ئامانجیەتی تا ساڵی 2027 خەرجییە سەربازییەکانی بگەیەنێتە 2.5%ی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی و لە دوای ساڵی 2029ـەوە ئەو رێژەیە بۆ 3% بەرز بکاتەوە.