نەوتی كەركووك دەبێتە جێگرەوەی نەوتی ئێران

ئەمەریكا فشار دەكات بۆ رێككەوتن

K24 - كەركووك

ئەمەریکا فشار لەهەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات، تاکو بگەنە رێکكەوتن لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی کەرکووك بە رێگەی بۆری هەرێمی کوردستان، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دانوستان و گفتوگۆكردن لەنێوان ھەردوولا ھەیە لەسەر ئەو بابەتە، بەپێی زانیارییەکان بڕیارە هەفتەی داهاتوو دەست بکرێت بەهەناردەی نەوت بۆ تورکیا، ئەمەریکا دەیەوێت ئەو بۆشاییەی لەبازاڕی نەوتدا دروست دەبێت بەهۆی سزاکانی سەر ئێران، بەنەوتی کەرکووك پڕی بکاتەوە.

بە نووسراوێکی فەرمی وەزارەتی نەوتی عێراق، داوای لە کۆمپانیای نەوتی باکوور کردووە لە کەرکووك کە لیژنەیەکی شارەزا پێکبهێنن و بۆچوونیان پێی بدەن لەسەر ئەو بۆریی نەوتەی کە لەتوانایدایە نەوتی کەرکووك بباتە بەندەری جەیهان، ئەمەش وەك ئامادەکاریەك بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی شارەکە.

حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان نزیکن لە رێكکەوتن، بۆ ئەوەی جارێکی دیکا نەوتی کەرکووك بە رێگەی بۆری ھەرێمی كوردستان بنێرێتە بەندەری جەیهان.

ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە كوردستان24 گوت: "تائێستا دانووستان و گفتوگۆكردن ھەیە لەنێوان حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق، ئەوەی من ئاگاداربم تائێستا رێككەوتنی فەرمی واژوو نەكراوە تا بگاتە قۆناخی جێبەجێكردن".

رێكکەوتنەکەی بەرپرسانی بەغدا و هەرێمی کوردستان بە بڕوای شارەزایانی بواری نەوت، تەنها رێگەیە بۆ ئەوەی جارێکی دیكە بتوانرێت نەوتی کەرکووك هەناردە بکرێت.

سیروان ئەحمەد، ئەندازیاری نەوت دەڵێت: "فرۆشتنی نەوتی كەركووك بە رێگەی جەیھان باشترە، چونكە بەستنەوەیە بە بازاڕی جیھانی، بە بڕوای من رێگەی توركیا ھەم خێراترە و ھەمیش سوودی زیاترە".

ھەر پەیوەست بەو پرسە ئەحمەد عەسکەری، سەرۆکی لیژنەی نەوت و وزە لەئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووك بە كوردستان24 راگەیاند: "بەپێی زانیارییەكان رێككەوتنێك كراوە بۆ ھەناردەكردنەوەی نەوتی كەركووك بە رێگەی بۆرییەكانی ھەرێمی كوردستان و لەم ھەفتەیە دەست پێدەكاتەوە، بەڵام تائێستا زانیاریمان لەسەر ناوەرۆكی رێككەوتنەكە نییە".

ھ.م