به‌وێنه‌.. به‌هۆی به‌فربارین ئۆتۆمۆبیلێك هه‌ڵدێرا و شۆفێره‌كه‌ی گیانی له‌ده‌ستدا

شۆفێره‌كه‌ی گیانی له‌ده‌ستدا

K24- هه‌ولێر:

لەزینی وەرتێی كه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێوان هەردوو شارەدێی سەرکەپکان و وەرتێ، به‌هۆی به‌فر بارین گرفتی هاتوچۆ بۆ شۆفێران دروست بوو و له‌ ئه‌نجامی هەڵدێرانی ئۆتۆمبێلێکيش له‌ شاخ، شۆفێرەکەی گیانی لەدەستدا.

له‌مباره‌یه‌وه‌ په‌یامنێری كوردستان 24 له‌ راپه‌ڕین رایگه‌یاند، کاتژمێر ٥ى ئێوارەی ئەمڕۆ لە بەرزاییەکانی زینی وەرتێ، بەهۆی بەفر بارینەوە شۆفێری ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیکاب کۆنتڕۆڵی لێخوڕینی له‌ده‌ستدا و لە شاخەکە کەوتە خوارەوە و شۆفێره‌كه‌ گیانی له‌ده‌ستدا.

بە وتەی شایەتحاڵەکان شۆفێری پیکابەکە دانیشتوی سنوری پشدەرە, وەک فرۆشیارێکی گەڕۆک کاری کردووە و چۆتە دێهاتەکانی سنوری وەرتێ.

بەپێی زانیارییه‌ تۆمارکراوه‌كان لەبەشی فریاکەوتنی تەندروستی خێرای ڕاپەڕین، شۆفێرەکە ناوی "محمد ئیسماعیل عەلی" ـه‌ و لەدایک بووی ساڵی ۱۹٦۷ـه‌، دانیشتووی گەڕەکی ڕاپەڕینی قەڵادزێیە و بەبرینداری گەیەنراوەتە نەخۆشخانە، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکانی گیانی لەدەستداوە.

لەئێستادا ڕێگای نێوان ڕاپەڕین و ناوچەکانی سۆران و ڕەواندوز بەهۆی بەفر بارین لەزینی وەرتێ ئاستەنگی بۆ شۆفێران دروست کردووە و ئۆتۆمبێلە تاک ئەکسلەکان ناتوانن له‌و رێگه‌یه‌وه‌ بڕۆن.

H.B