دانا تەقیەدین: دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی گواسترایەوە
ئەمڕۆ پینجشەممە، 23ـی نیسانی 2026، دانا تەقیەدین، ئەندامی تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کوردستان24ـی راگەیاند، دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی بە فەرمی رەوانەی دادگای تاوانەکانی سلێمانی 2 کراوە.
گوتیشی: رۆژی یەکشەممەی داهاتوو، وردبینی تەواو بۆ دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی دەکرێت، ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر دۆسیەکە هیچ کەموکوڕییەکی تێدا نەبێت، لە رووی یاساییەوە پێویستە رەوانەی دادگای شاری هەولێر بکرێت.
هاوکات ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرچاوەیەک لە بنەماڵەی لاهور شیخ جەنگی بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوای چوار رۆژ لە مانگرتن، دوێنێ بەڵێن بە لاهوور شێخ جەنگی درا کە جوڵە بە کەیسەکەی بکرێ.
گوتیشی: بەڵێنەکە ئەوەیە کەیسی لاهوری شیخ جەنگی و پۆڵادی برای لە دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانیەوە رەوانەی دادگای جینایاتی سلێمانی دەکرێت و لەوێشەوە کەیسەکەی رەوانەی دادگای تەمیز لە هەولێر دەکرێت.
ئەو سەرچاوەی ئاماژەی بەوەشدا، گوتیشی: هۆکاری سەرەکی مانگرتنی لاهور و پۆڵادی برای ئەوەبوو کە کەیسەکەیان لە دادگای لیكۆڵینەوەی سلێمانی رەوانەی دادگای جینایات و لەوێشەوە بۆ دادگای تەمیز نەدەکرا، بۆیە ئێستاش ئەگەر ئەو بەڵێنە نەبرێتە سەر ئەوا هەڵوێستیان دەبێت.
ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشکرد، لەوانەیە لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا شەش کەسی تر لە زیندانیانی لالەزار ئازاد بکرێن.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، ئێستا بە گشتی بە لاهور و پۆڵادی برایەوە، 18 کەس لە زیندانن، ئەگەر ئەو شەش کەسەش ئازاد بکرێن، ئەوا 12 کەس دەمێننەوە.
رۆژی دووشەممە، 20ـی نیسانی 2026، موحسین خۆشناو، پاسهوانی لاهور شێخ جهنگی و 11 دهستگیركراوی دیكهی لالهزار ئازاد کران.
ئەمە لە کاتێکدابوو، رۆژی پێنجشەممەی رابردووش (09ـی نیسانی 2026)، 14 کەسی دیکە لە دەستگیرکراوانی لالەزار ئازاد کران، کە یاسین بەرزنجی، بەرپرسی پاراستنی ماڵی لاهوور شێخ جەنگی یەکێکیان بوو.
پێشتریش، ژمارەیەک دەستگیرکراوی دیکە ئازاد کرابوون؛ حەوت کەس لە 3ـی مانگی شوباتی ئەم ساڵ، هەروەها لە 16-01-2026 چوار کەس و 13ـی هەمان مانگ 17 کەسی دیکە.
رۆژی 12-1-2026، بۆ یەکەم جار لاهوور شێخ جەنگی برایە بەردەم دادوەر لە دادگەی سلێمانی، بەڵام دادوەر بڕیاری کۆتایی لە دۆسیەکەی نەدا و رایگەیاند، بۆ وردبینی دۆسیەکە رەوانەی دادگەی تێهەڵچوونەوەی هەرێمی کوردستان لە هەولێر دەکرێت.
شەوی 22ی ئابی 2025، لە دەوروبەری هۆتێل لالەزار لە سلێمانی، شەڕێکی قورس لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و چەکدارانی سەر بە لاهور شێخ جەنگی روویدا.
لە دوای رووبەڕووبوونەوەیەک کە چەند کاتژمێرێکی خایاند، لاهور شێخ جەنگی و دەیان کەس لە لایەنگرانی دەستگیرکران. لە ئەنجامی ئەو پێکدادانەدا، چەندین کەس لە هەردوولا کوژران و بریندار بوون.