پارتی و یەكێتی بۆ پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەت كۆدەبنەوە

گوتەبێژی یەكێتی: كۆبوونەوەكە درێژەپێدەری كۆبوونەوەی ھەفتەی رابردوو دەبێت

K24 - سلێمانی

بڕیارە پارتیی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەم هەفتەیەدا و سه‌رله‌نوێ، بۆ تاوتوێكردنی پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان کۆببنەوە.

لەتیف شێخ عومەر، گوتەبێژی یەکێتی بە کوردستان24ی راگەیاند "بڕیارە لەم هەفتەیەدا پارتی و یەکێتی کۆببنەوە و کۆبوونەوەکە درێژکراوەی کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی رابردوو دەبێت، کە لە سلێمانی ئەنجام درا".

گوتەبێژی یەکێتی روونیکردووەتەوە "کۆبوونەوەکە بە گشتی باسكردن دەبێت لە پشکی یەکێتی لە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان".

لە 19/3/2019 شاندێكی پارتی و یەكێتی لە سلێمانی كۆبوونەوە و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند،ھەردوولا بە راشكاوی گفتوگۆیان لەبارەی پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەت كردووە و درێژە بە كۆبوونەوەكانیان بدەن.

ھ.م