كوردستان24 دوایین زانیاری لەبارەی تەندروستی بڕیار بڵاودەكاتەوە
پزیشك و كەسوكاری زانیاری لەبارەی تەندروستی دەخەنەڕوو
K24 - سلێمانی
دوای ئەوەی لە كۆتایی مانگی رابردوو باوكی لە شەڕی داعش شەھید بوو، دوێنێ منداڵێكی تەمەن 5 ساڵە بە ناوی بڕیار ئاسۆ، بەھۆی تێكچوونی باری تەندروستی لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی شاری سلێمانی خرایە ژێر چاودێری پزیشكی، كوردستان24 نوێترین زانیاری لەبارەی تەندروستی ئەو منداڵە بڵاودەكاتەوە.
پەیامنێری كوردستان24 لە سلێمانی سەردانی ئەو نەخۆشخانەی كرد، كە چارەسەری پزیشكی بۆ بڕیاری تێدا دەكرێت و لە زاری پزیشك و كەسوكارییەوە رایگەیاند: "ئەمڕۆ باری تەندروستی بڕیار تا رادەیەك باشترە و دڵ و فشاری جەستەی كۆنترۆڵ كراوە، بەڵام تائێستا مێشكی توانای وەڵامدانەوەی نییە".
كەسوكاری بڕیاری 5 ساڵە بە پەیامنێری كوردستان24-یان راگەیاند: "یەكێك لە كێشەكانی دیكەی تەندروستی بڕیار ئەوەیە كە ناتوانین لە نەخۆشخانەكە بیجوڵێنین و بیبەینە دەرەوە، چونكە بە گواستنەوەی بۆ ھەر شوێنێك ھەموو ئەو چارەسەری بۆی كراوە بەتاڵ دەبێتەوە و تەندروستی دێتەوە سەر دۆخی پێشتری".
بە گوتەی كەسوكارەكەی: "بڕیار زۆر ھۆگری باوكی بووە و لە رۆژی شەھیدبوونی باوكییەوە ھیچی نەخواردووە و باوەڕناكات كە باوكی لە ژیاندا نەماوە".
بڕیار، کوڕی شەهید ئاسۆ جەلال محەمەد دەلۆ-یە کە لەشەوی 31/7/2019 لە هێرشێکی چەکدارانی داعش بۆ سەر ھێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایش لە گەرمیان لە ناحیەی کۆکس-ی دەڤەری گەرمیان شەهیدبوو. دوای شەهیدبوونی باوکی بڕیار، باری تەندروستی تێکـچووە و تائێستا لە نەخۆشخانەیەكی شاری سلێمانی لەژێر چاودێری تەندروستی دایە.
ھ.م