قەیس خەزعەلی ئەمەریکا و ئیسرائیل بە کوشتنی خۆپیشاندەرانی عێراق تۆمەتبار دەکات
سێ خۆپیشاندەری دیکە لە عێراق کوژران
K24 – ههولێر:
سێ خۆپیشاندەر لە ناسرییە و یەکێکیش لە بەغدا کوژران، ئەمینداری عەسائیب ئەھلولحەقیش، ئەمەریكا و ئیسرائیل بە كوشتنی خۆپیشاندەران تۆمەتبار دەكات.
خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە بەغدا و چەند شارێکی بەردەوامە و داوای خۆپیشاندانی ملیۆنیش دەکرێت، هاوکات لە ناسرییە خۆپیشاندانی فراوان ئەنجامدرا و بەهۆی بۆمبی گازی فرمێسکڕێژەوە کە راستەوخۆ ئاراستەی خۆپیشاندەران دەکرا، سێ کەس کوژران و 15یدیکەش برینداربوون.
لە بەغداش، خۆپیشاندەرێک کوژرا و 12یدیکەش برینداربوون.
شەپۆلی دووەمی خۆپیشاندانەکان مانگێکی تێپەڕاندووە و تا ئێستاش داوای رووخانی حکومەت و هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و دوورکەوتنەوەی سەرجەم حزبە سیاسییەکان دەکەن.
لای خۆیەوە، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی عەسائیب ئەهلولحەق، ئەمەریکا و ئیسرائیل بە کوشتنی خۆپیشاندەران تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، ئەو دوو وڵاتە رۆڵی ئاشکرایان هەیە لە کوشتنی خەڵکی ناڕازی عێراق.
هەروەها گوتی، لیژنەی لێکۆڵینەوەی حکومەت، ئاماژەی بە لایەنی سێیەم نەکردووە، کە تەقە لە خۆپیشاندەران دەکات.
ئەمەش لەکاتێکدایە، بەشێک لە خۆپیشاندەران و میدیاکان، چەکدارانی میلیشیا تائیفییەکان بە کوشتنی خۆپیشاندەران تۆمەتبار دەکەن.
H.J