عەلی زەیدی بە سەردانێکی فەرمی دەچێتە ئەمریکا
سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە ئاییندەیەکی نزیکدا، بە سەردانێکی فەرمی دەچێتە ئەمریکا و شاندێک لە بازرگانانی عێراق یاوەری دەکەن، ئامانج لە سەردانەکەشی فراوانکردنی دەرفەتەکانی وەبەرهێنانی هاوبەشە لە نێوان هەردوو وڵاتدا.
رۆژی شەممە، 6ـی حوزەیرانی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەگەڵ ژمارەیەک لە بازرگانان، ئەندامانی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن و گەشەپێدانی کەرتی تایبەت، ئەندامانی ئەنجوومەنی ئابووریی عێراق و سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی بانکە ئەهلییەکان و وەزیری دارایی وڵاتەکە کۆبووەوە.
بە پێی راگەیەنراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا زەیدی رایگەیاند، کە لە ئاییندەیەکی نزیکدا بە سەردانێکی فەرمی دەچێتە ئەمریکا.
ئاماژەی بەوەش کرد، لەسەردانەکەیس شاندێک لە بازرگانان یاوەری دەکەن، بە ئامانجی فراوانکردنی دەرفەتەکانی وەبەرهێنانی هاوبەش و دوولایەنەیە لە نێوان عێراق و ئەمریکا.
هاوکات زەیدی دووپاتی کردەوە، حکوومەت بۆ سەرخستنی هەوڵە چاکسازییەکانی لە بوارەکانی ئابووری و گەشەپێداندا، پشت بە هاوکاریی کەرتی تایبەت دەبەستێت. راشیگەیاند: کە حکوومەت سیاسەتی "دەرگای کراوە" بەرامبەر پێشنیاز، داواکاری و کێشەکانی بازرگانان پێڕەو دەکات.
سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، جەختی لە رووبەڕوبوونەوەی گەندەڵی و سەرانەستاندن کردەوە و داوای لە بازرگانان و کۆمپانیاکان کرد بە هیچ شێوەیەک پارە (بەرتیل) بە مەبەستی ئاسانکردنی کارەکانیان و بەدەستهێنانی مافەکانیان نەدەن.
ئەو تیشکی خستە سەر ئەوەی، کە دەرگای نووسینگەکەی کراوەیە بۆ رووبەڕوبوونەوەی هەر بەربەستێک کە لە ناو جومگەکانی دەوڵەتدا دروست دەکرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، پێنجشەممە، 30ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ساز کرد و بانگهێشتیشی کرد بۆ ئەوەی سەردانی واشنتن بکات.
ترەمپ لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا ئاماژەی بەوە کردبوو، کە حکوومەتەکەی عەلی زەیدی دەتوانێت ئاییندەیەکی گەشتر و باشتر بۆ عێراق دەستەبەر بکات.