وەزیری جەنگی ئەمریکا: ئەوروپا رووبەڕووی داگیرکارییەکی نوێ دەبێتەوە
پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا، لە وتارێکی تونددا هۆشداری دا لەوەی ئەو ئازادییەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە جەنگی جیهانی دووەمدا بۆ ئەوروپایان دابین کرد، رووبەڕووی مەترسی بووەتەوە، ئاماژەی بەوە کرد ئەگەر سەرکردەکان بەرگری لە ئەوروپا نەکەن، ئەو ئازادییە تەنیا بە شێوەیەکی "کاتی" دەمێنێتەوە.
شەممە 6ـی حوزەیرانی 2026، پیت هێگسێت وەزیری جەنگی ئەمریکا، لە میانی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی 82ـهمین ساڵیادی دابەزینی هێزەکانی هاوپەیمانان لە نۆرماندی (D-Day) لە باکووری فەرەنسا، رایگەیاند: "ئەمڕۆ کەناراوە جیاوازەکانی ئەوروپا رووبەڕووی داگیرکاریی ئایدۆلۆژیا جیاواز و مەترسیدارەکان دەبنەوە."
وەزیری جەنگی ئەمریکا بە دیاریکراوی ناوی وڵاتانی ئیسپانیا، ئیتاڵیا، یۆنان و بولگاریای هێنا و گوتی: "بەلەم و پیاوان دەگەنە ئەو کەناراوانە." هاوکات پرسیارێکی ئاراستەی سەرکردە ئەوروپییەکان کرد و گوتی: "کەی پایتەختەکانی ئەوروپا هەڵوێست بەرانبەر ئەم داگیرکارییە وەردەگرن؟ ئایا کاتەکە بەسەرچووە؟ هیوادارم هێشتا کات مابێت."
هەرچەندە هێگسێت بە شێوەیەکی راستەوخۆ وشەی "کۆچبەری" بەکارنەهێنا، بەڵام لێدوانەکانی وەک رەنگدانەوەی سیاسەتە توندەکانی ئیدارەی ترەمپ سەبارەت بە پاراستنی سنوورەکان و رەخنەگرتن لە لاوازیی حکوومەتە ئەوروپییەکان لێکدرایەوە.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە، هەر ئەمرۆ شەممە، نووسینگەی کییەر ستارمر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، بە توندی سەرکۆنەی لێدوانەکانی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکای کرد؛ دوای ئەوەی ڤانس پرسی کۆچبەریی بە بەرپرسیار لە کوژرانی خوێندکارێکی بەریتانی زانیبوو، سەرەڕای ئەوەی بکوژ و کوژراوەکە هەردووکیان هەڵگری رەگەزنامەی بەریتانی بوون.
لە کانوونی یەکەمی رابردوودا ستراتیژی ئاسایشی نەتەوەیی ئیدارەی ترەمپ هۆشدارییەکی توندی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتبوو کە ئەوروپا رووبەڕووی "سڕینەوەی شارستانی" دەبێتەوە و رەنگە لە ماوەی 20 ساڵی داهاتوودا ناسنامەی خۆی لەدەست بدات.