ده‌زگای خێرخوازی بارزانی كاروانێكی دیكه‌ی هاوكاری ره‌وانه‌ی رۆژئاوای كوردستان ده‌كات

"به‌ شێوه‌یه‌كی رۆژانه‌ هاوكارییه‌كان ره‌وانه‌ی رۆژئاوای كوردستان ده‌كرێن"

K24- هه‌ولێر:

ده‌زگای خێرخوازی بارزانی كاروانێكی دیكه‌ی هاوكاری مرۆیی و پێداویستی ناوماڵ و جلوبه‌رگ ره‌وانه‌ی رۆژئاوای كوردستان ده‌كات، به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌روازه‌ی سنووری پێشابووریش ده‌ڵێت: له‌ سه‌ر فه‌رمانی سه‌رۆك بارزانی ده‌روازه‌كه‌ كراوه‌ته‌وه‌ و به‌ شێوه‌یه‌كی رۆژانه‌ هاوكارییه‌كان ره‌وانه‌ی رۆژئاوای كوردستان ده‌كرێن.

موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دەزگاکەیان 650 خێوەت و تەواوی پێداویستییەکانی ناو ماڵ و جلوبەرگی منداڵان رەوانەی رۆژئاوای کوردستان دەکەن.

ئاماژەی بەوەشدا، تاوەکو رۆژئاوای کوردستان پێویستی بە هاوکاری هەبێت، ئەوا هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانیش بۆ ئه‌وان بەردەوامدەبێت.

 

هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا شه‌وكه‌ت به‌ربوهاری، به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌روازه‌ی سنووری پێشابوور تایبه‌ت به‌ كوردستان 24 رایگه‌یاند: هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ كه‌ خه‌ڵكی ئێمه‌ له‌ رۆژئاوای كوردستان دووچاری ناخۆشی بووه‌ته‌وه‌، له‌ سه‌ر فه‌رمانی سه‌رۆك بارزانی ده‌روازه‌كه‌ كرایه‌وه‌، به‌ مه‌به‌ستی گه‌یاندنی هاوكارییه‌كان.

گوتیشی: ئێستاش به‌ شێوه‌یه‌كی رۆژانه‌ هاوكارییه‌كان ره‌وانه‌ی رۆژئاوای كوردستان ده‌كرێن.

H.B