دوو هاوسه‌ری به‌ ته‌مه‌ن ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ خوێندن

"تا بتوانین بەردەوام دەبین"

K24 - سلێمانی

دوو ھاوسەر لە سلێمانی دوای زیاد لە 60 ساڵی تەمەنیان دەگەڕێنەوە بۆ خوێندن، رۆژانە پێکەوە لە قوتابخانە دەخوێنن و لە ماڵیشەوە پێكەوە وانەكان دەخوێنن، خۆشیان دەڵێن خوێندنەکەیان تەنھا بۆ ئەوەیە پێویستیان بەکەس نەمێنێت، مامۆستاکانیشان پێیان سەرسامن و بە دوو خوێندکاری لێھاتوو ناویان دەبەن.

حاجی سەعید رەشید، لەگەڵ ھاوسەرەكەی گەڕاونەتەوە بۆ خوێندن، ئێستا خوێندکاری قۆناغی دووەمی خوێندنی گەورانە بە كوردستان24ی گوت: "سەرەتا وتمان مانگێك دەچینە قوتابخانە، بەڵام مامۆستاكان زۆر بەڕێز بوون ئێمەش بەردەوام بووین، دەمانەوێت بە تەواوی فێری خوێندنەوە و نووسین بین و تا بتوانین بەردەوام دەبین".

ئەو دوو ھاسەرە بەم تەمەنەوە بە سەلیقەیەكی زۆرەوە دەیانەوێت خۆیان فێری خوێندنەوە و نووسین بكەن، بۆ ئەوەی پێویستیان بە كەس نەبێت.

سەروەر عومەر، بەڕێوەبەری بنکەی بابانی  گەوران بۆ فێرکردن دەڵێ: "ئەو دوو ھاوسەرە ھەوڵێكی باش دەدەن و توانیویانە ئاستێكی باشیان ھەبێت و زۆر بە ئاسانی شتەكان فێردەبن".