هاووڵاتییه‌ك به‌ناوی عه‌مره قۆڵی ده‌یان كه‌س ده‌بڕێت
گوایه كۆمپانیای عه‌مره‌ی هه‌یه به‌ڵام ئێستا شوێنبزره
K24 - راپه‌ڕین:
هاووڵاتییەك بەناوی (و. ك) كه خەڵکی کەرکووكه و دانیشتووی رانیەیە، لەماوەی رابردوودا بە ناوی ئه‌نجامدانی گه‌شتی عەمرە و كه‌عبه‌ی پیرۆز بۆ هاووڵاتیان، پارەی لە دەیان کەس وەرگرتووە و ئێستاش خۆی شاردووه‌ته‌وه.
بەشێك لەو هاووڵاتییانەی پارەیان بە ناوبراو داوە، هەواڵیان بە پۆلیس داوە کە کاتی گەشتەکەیان بۆ عەمرە تێپەڕیوە و هێشتا گه‌شته‌كه‌یان پێنەکراوە.
رائید شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین بەکوردستان 24ی ڕاگەیاند، ژمارەیەك هاووڵاتی هەواڵیان بە ئێمە داوە کە گوایە کەسێك بەناوی گه‌شتی عەمرە، پارە و پاسپۆرتی لێوەرگرتوون و ئێستا خۆی شاردۆتەوە.
گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین راشیگه‌یاند، دۆسیه‌ی لێکۆڵینەوەمان بۆ بابەتەکە کردووه‌تەوە و بەدواداچوونمان کردووە، بەڵام ئەو کەسە هیچ کۆمپانیا و شوێنێکی فه‌رمی بەناوی سەفەری حەج و عومرە نییە و دیار نییە ئەو کەسە مردووە، شوێن بزر کراوە یان خۆی شاردووه‌تەوە یان شتێکی دیكه.
ئاماژەی بەوەش کرد کاتی سەفەرکردنی خەڵکەکە هاتووە، بەڵام ئه‌و كه‌سه دیار نه‌ماوه و کەسوکارەکەشی هەواڵیان لێی نییە.
کوردستان 24 زانیویەتی، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیان لە سنووری ڕاپەڕین و کۆیە و تەقتەق مامەڵەی سەفەری عەمرەیان لای ئەو کەسه کردووە، ئەویش لەبەرامبەر بڕێك پارە کە زۆر کەمترە لەو بڕەی کۆمپانیاکانی دیكه لەبری سەفەری عەمرە لەخەڵکی وەردەگرن، بەڵێنی پێداون 28/12/2019 سەفەری ماڵی خوایان پێ بکا، بەڵام واده‌ی گه‌شته‌كه‌یان تێپه‌ڕیوه و ئه‌و كه‌سه‌ش دیار نەماوە.
ئ. م