کورتهێنانی تەرازووی بازرگانی ئەمەریکا دوای شەش ساڵ دابەزی
ھۆكارەكەی بۆ ھەوڵەكانی ترەمپ بۆ سەپاندنی پێناسی گومرگی بەسەر كاڵاكانی چین دەگەڕێتەوە
K24 - ھەولێر
کورتهێنانی تەرزاووی بازرگانی ئەمەریکا بۆ یەکەمجار دوای شەش ساڵ دابەزی، و هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵەکانی ترەمپ بە سەپاندنی پێناسی گومرگی بەسەر کاڵای هاوردەکراوی چینی.
وەزارەتی بازرگانی ئەمەریکا رایگەیاند، کورتهێنانی تەرزاووی بازرگانی بە رێژەی 1.7% بۆ 616 ملیار و 800 ملیۆن دۆلار لە ساڵی 2019 دابەزیوە، و هەناردەش بە رێژەی 0.1% بۆ دوو ترلیۆن و 500 ملیار دۆلار دابەزیوە، و لە هەمان کاتیشدا هاوردە بە رێژەی 0.4% بۆ سێ ترلیۆن و 100 ملیار دۆلار دابەزیوە.
هاوکات کورتهێنانی تەرازووی بازرگانی ئەمریکا لەگەڵ چین بە رێژەی 17.6% بۆ 345 ملیار 600 ملیۆن دۆلار دابەزینی تۆمارکردووە، بەڵام لەگەڵ مەکسیک بەرێژەی 26.2% بەرزبووەتەوە.
هەروەها ئەمەریکا کورتهێنانی بە بەهای 866 ملیار دۆلار لە بازرگانی تۆمارکردووە، بەراورد بە 887 ملیار و 300 ملیۆن دۆلار لە ساڵی 2018.
ھ.م