خوێندنی تواناسازی لە دەرەوەی وڵات راگیرا

خوێندنی باڵا لە زانكۆكانی ھەرێمی كوردستان پەرەی پێدەدرێت

K24 - ھەولێر

وەزارەتی خوێندنی باڵا، بە بڕیارێک بۆ ماوەیەکی دیاری نەکراوە خوێندنی تواناسازی لە دەرەوەی وڵات راگرت و لە بەرانبەردا دەستیکرد، بە کردنەوەی خوێندنی باڵا لە زانکۆکانی ھەرێمی كوردستان. سەرۆکی زانکۆی پۆلەتەکنیکی ھەولێر دەڵێت، بڕیارەكە گرنکە بۆ ئەوەی کوالێتی خوێندن لە ناوخۆ باشتر بکرێـت، بۆیە 5 ھەزار کورسیان بۆ خوێندنی باڵا لە زانکۆکانی ھەرێمی كوردستان تەرخان كردووە.

بەگوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا، تەرخانکرنی پارە بۆ قوتابیانی تواناسازی بۆ دەرەوەی وڵات راگیراوە،  ھەر بەپێی بڕیارەکە وەزارەت خوێندنی ماستەر و دکتۆرا لە ناوخۆ پەرە پێدەدات و لە زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان دەرفەت بە ئارەزومەندانی خوێندنی باڵا دەدرێت.

ساڵانە بۆ خوێندنی تواناسازی پارەیەکی زۆر دەچووە دەرەوەی کوردستان، بەھۆی قەیرانی داراییەوە لە ساڵی 2016 ھیچ بڕەپارەیەک بۆ خوێندنی تواناسازی لە دەرەوەی وڵات خەرج نەکراوە.

ئابووریناسێک رایدەگەیەنێت، ساڵانە بە سەدان ھەزار دۆلار دەچووە دەرەوەی وڵات کە زیانێکی زۆری بە بوجەی هەرێمى کوردستان دەگەیاند، بەڵام بەم بڕیارە جگە لەوەی ئاستی خوێندنی ناوخۆ باشتر دەکرێت پارەیەکی زۆریش دەگەڕێتەوە بۆ قوتابیان و خەزێنەى حكوومەت.

ھ.م