ھۆشداری دەدرێتە شوفێرانی بارھەڵگری حاجی ئۆمەران

لە كاتی چوونیان بۆ دیوی ئێران پابەندبن

K24 - ھەولێر

کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران لە راگەیەندراوێكدا ھۆشداری دەداتە شوفێرانی بارھەڵگر لەكاتی چوونیان بۆ دیوی ئێران رێنماییەكان جێبەجێ بكەن، ھەر شوفێرێك پابەند نەبێت دوور دەخرێتەوە.

لەو راگەیەندراوەدا ھاتووە: "لە پێناو سەلامەتی گشتی و بۆ خۆپارێزی و رێگری لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران ئاگاداری گشت شۆفێرانی بارھەڵگرانی ھێلی سنووری حاجی ئۆمەران دەکاتەوە، لەکاتی چوونیان بۆ ناو بازاڕچەی گومرگی ئێران پابەندی گشت رێنماییەکانی تەندروستی و خۆپارێزی بن و لە قەرەباڵغی دوور بکەنەوە و تێکەڵاوی دروست نەکەن، نابێت بچنە ناو چێشتخانەکان و کافتیریاکان و چایخانەکان و دوکانەکان، ھەروەھا دەبێت پۆشاکی تایبەتی تەندروستی لەبەر بکەن و  دەمامک (ماسک) ببەستن و دەستەوانە لە دەست بکەن و ناو بارھەڵگری خۆی و دەستەی دەرگای بارھەڵگرەکە (تعقيم) بكەن  بە پێچەوانەوە ھەر شۆفێرێک پابەندی رێنماییەکان نەبێت رێگای پێنادرێت بەردەوام بێت لە کرداری گوستنەوە و لە سنووری حاجی ئۆمەران دوور دەخرێتەوە".