فەرەنسا.. 240 كەس بەهۆی كۆرۆنا گیانیان لەدەستدا

كۆی مردووان بوون بە 1100 كەس

K24- هەولێر:

دەسەڵاتدارانی فەرەنسا رایانگەیاند، لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا 240 كەس بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە، بەمەش كۆی ئەوانەی بەهۆی پەتاكە مردوون، ژمارەیان بۆ 1100 كەس بەرز بووەوە.

بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، جیرۆم سەلمون، بەڕێوەبەری ئیدارەی گشتیی كاروباری تەندروستی لە فەرەنسا رایگەیاند، لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا 2 هەزار و 448 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە كۆرۆنا لە وڵاتەكەیان تۆماركراون، بەمەش كۆی ژمارەی تووشبووان گەیشتووەتە 22 هەزار و 304 حاڵەت.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەوانەی ئێستا بەهۆی پەتاكەوە لە نەخۆشخانە خەوێنراون و لەژێر چاودێری چڕی پزیشكیدان، ژمارەیان 2 هەزار و 516 كەسن، لە 35%ی ئەو رێژەیەش تەمەنیان لە خوار 60 ساڵیدایە، لەكاتێكدا ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان 60 بۆ 80 ساڵیدایە، رێژەیان 58%ـیە.

دوایین ئاماری تووشبوون و مردن بەهۆی كۆرۆنا لە فەرەنسا، ئاماژە بە گەورەبوونی قەیرانەكە دەكەن و فەرەنسا هاتووەتە ریزبەندی پێنجەم لە قوربانیانی پەتای كۆرۆنا لەسەر ئاستی جیهان.

H.B