1052دۆسیەی لێسەندنەوەی پارێزبەندی لە پەرلەمانی تورکیان
زیاتر لە هەزار دۆسیەی لێسەندنەوەی پارێزبەندی دژی پەرلەمانتارانی خولی ئێستای پەرلەمانی تورکیا رەوانەی لیژنەی داد و دەستوور کراون، کە زۆرینەیان دژی پەرلەمانتارانی دەم پارتی و جەهەپەن.
بەکیر بۆزداغ، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، لە وەڵامی پرسیارنامەیەکی جەیلان ئاکچا، پەرلەمانتاری دەم پارتی، ئاماری دۆسیەکانی لێسەندنەوەی پارێزبەندیی ئاشکرا کرد. بەگوێرەی وەڵامەکەی بۆزداغ، ئێستا 1052 دۆسیە دژی 145 پەرلەمانتار لە پەرلەماندا هەن.
بەپێی ئامارەکان، پشکی شێری دۆسیەکان بەر پەرلەمانتارانی کورد کەوتووە؛ بە جۆرێک 628 دۆسیە دژی 43 پەرلەمانتاری دەم پارتی تۆمار کراون. هەروەها پارتەکانی دیکە بەم شێوەیەن:
جەهەپە (CHP): 325 دۆسیە دژی 71 پەرلەمانتار.
پارتی کرێکارانی تورکیا (TÎP): 42 دۆسیە دژی سێ پەرلەمانتار.
مەهەپە (MHP): 11 دۆسیە.
ئاکپارتی (AKP): 8 دۆسیە.
هەرچەندە پەرلەمانی تورکیا لەم خولەدا تا ئێستا لێسەندنەوەی پارێزبەندیی هیچ پەرلەمانتارێکی نەخستووەتە بەرنامەی کارەوە، بەڵام بوونی ئەم دۆسیانە وەک فشارێک لەسەر پەرلەمانتاران دەبینرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە ساڵی 2016دا بە لێسەندنەوەی پارێزبەندیی پەرلەمانتاران، 12 پەرلەمانتاری ئەو کاتەی هەدەپە زیندانی کران، کە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکانی پێشووتری پارتەکە لەنێویاندابوون و تا ئێستاش لە زینداندا ماونەتەوە.