ئەنەکەسە و هەسەدە کۆبوونەوە؛ هەوڵەکان بۆ یەکخستنی هەڵوێستی کورد چڕ دەکرێنەوە
سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا، لەگەڵ فەرماندەی گشتیی هەسەدە کۆبووەوە. ئامانجی سەرەکیی کۆبوونەوەکە، داڕشتنی میکانیزمێکی نوێیە بۆ مسۆگەرکردنی پێگەی کورد لە داهاتووی سووریادا.
یەکشەممە، 26ـی نیسانی 2026، فەیسەڵ یوسف، گوتەبێژی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە)، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کوردستان24ـی راگەیاند؛ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنەکەیان لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کۆبووەتەوە.
بە پێی زانیارییەکانی فەیسەڵ یوسف، لە کۆبوونەوەکەدا بە شێوەیەکی تایبەت تیشک خرایە سەر تاوتوێکردنی میکانیزمی روون و گونجاو بۆ یەکخستنی هەڵوێستی ماڵی کورد، ئەمەش لە پاش لێکەوتەکانی رێککەوتنی 29ـی کانوونی دووەمی رابردووی نێوان حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە).
گوتەبێژی ئەنەکەسە، جەختی لەسەر پابەندبوونی تەواوەتیی خۆیان بە "دیدگای سیاسیی هاوبەشی کورد" کردەوە، کە لە کۆنفرانسی نیسانی 2025 پەسەند کراوە.
هەروەها تیشکی خستە سەر پێویستیی قۆستنەوە و وەبەرهێنان لەم دەرفەتە مێژووییەی ئێستا، بۆ هێنانەدیی هاوبەشییەکی راستەقینەی کوردی؛ هاوبەشییەک کە بتوانێت گەرەنتیی نوێنەرایەتیکردنی گەلی کورد لە سەرجەم جومگەکانی دەوڵەتی داهاتووی سووریادا بکات.