كاروانێكی دیكەی ھاوكاری چین گەیشتە ھەولێر

چەندین كەلوپەلی خۆپارێزی لە خۆ دەگرێت

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ كاروانێكی دیكەی ھاوكاری پێداویستی تەندروستی وڵاتی چین گەیشتە ھەولێر.

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی ھەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانی ھاوبەشدا لەگەڵ كونسوڵی كۆماری چین لە ھەولێر رایگەیاند: "ئەمڕۆ چوارەم كاروانی ھاوكاری چین گەیشتە ھەرێمی كوردستان، كە بریتییە لە چەند پێداویستییەكی خۆپارێزی و تەندروستی".

وەزیری تەندروستی سوپاسی وڵاتی چینی كرد و راشیگەیاند: "بەردەوام دەبین لە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، كە تەندروستی ھاووڵاتییان لەم ماوەیەدا ئامانجی سەرەكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بووە".

ھەروەھا نی روچی، كونسوڵی گشتی كۆماری چینی میللی لە ھەولێر گوتی: "كاروانی ھاوكارییەكانی ئەمڕۆمان بریتیە لە زیاتر لە ھەزار تێستی كیت و دەمامكی نەشتەرگەری و دەمامكی N95 و دەستكێش و جلوبەرگی خۆپارێزی و داپۆشەری پێڵاو، ئەم ھاوكاریانە نیشانەی ئەو پەیوەندییە كە لەنێوان حكومەتی چین و حكومەتی ھەرێمی كوردستان ھەیە".

گوتیشی: "ئێمە ھاوڕێی رۆژی تەنگانەین بۆ خەڵكی ھەرێمی كوردستان".