ڤیدیۆ.. وه‌فاداری سه‌گێك بۆ خاوه‌نه مردووه‌كه‌ی له وهان
خاوه‌نه‌كه‌ی به‌هۆی كۆرۆنا گیانی له‌ده‌ستداوه
K24- هه‌ولێر:
له نه‌خۆشخانه‌یه‌كی شاری وۆهانی چین، سه‌گێك له مانگی شوباته‌وه چاوه‌ڕێی هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ی خاوه‌نه‌كه‌ی ده‌كات، كه به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌و نه‌خۆشخانه‌یه گیانی له‌ده‌ستداوه.
رۆژنامه‌ی "زی نیۆیۆرك تایمز"ی ئه‌مه‌ریكی بڵاویكرده‌وه، كاتێك خاوه‌نی ئه‌و سه‌گه تووشی په‌تای كۆرۆنا بوو، به یاوه‌ری سه‌گه‌كه‌ی هاتووه‌ته نه‌خۆشخانه، دوای 5 رۆژ مانه‌وه له نه‌خۆشخانه به‌هۆی كۆرۆنا گیانی له‌ده‌ستداوه، به‌ڵام تا ئێستاش سه‌گه‌كه له چاوه‌ڕوانیدایه و به‌رده‌وام به‌دوای خاوه‌نه مردووه‌كه‌یدا ده‌گه‌ڕێت، وه‌ك رێزگرتنێكیش له وه‌فاداری ئه‌و سه‌گه بۆ خاوه‌نه‌كه‌ی، ماوه‌ی له‌و كاته‌وه تا ئێستا كارمه‌ندانی نه‌خۆشخانه به‌رده‌وام خواردن و خواردنه‌وه‌ی پێ ده‌ده‌ن.
به گوته‌ی "ئۆ كوای فین"، كه خاوه‌نی ماركێتێكی شاری وۆهانه، خاوه‌نی سه‌گه‌كه به‌هۆی هه‌وكردنی سییه‌كان و تووشبوونی به نه‌خۆشی كۆرۆنا گوازرایه‌وه بۆ نه‌خۆشخانه، گوتیشی: "من هه‌وڵی زۆرم دا سه‌گه‌كه به یه‌كجاری له نه‌خۆشخانه بهێنمه ده‌ره‌وه و بیبه‌مه شوێنێكی زۆر دوور له نه‌خۆشخانه، به‌ڵام هه‌موو هه‌وڵه‌كانم شكستیان هێنا و هه‌موو جارێك گه‌ڕاوه‌ته‌وه".
وه‌ك ئاماژه‌ی پێدا، "ته‌نیا توانیومه سه‌رنجی سه‌گه‌كه به‌لای خۆمدا راكێشم و چاودێری بكه‌م، به‌ڵام نه‌متوانیوه به یه‌كجاری له نه‌خۆشخانه دووری بخه‌مه‌وه".
گوتیشی: "له 14ی مانگی نیسانه‌وه كاتێك رێكاره‌كانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا كه‌مكرانه‌وه و ماركێته‌كانی ئه‌و شاره كرانه‌وه، چاودێری سه‌گه‌كه ده‌كه‌م و ناوم ناوه "سیا باو" به زمانی چینی واتا گه‌نجینه‌ی بچووك".
هه‌روه‌ها گوتی: "سه‌گه‌كه به هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌خۆشخانه جێناهێڵێت و هه‌ر كه‌سێك بیبینێت به وهفادارییهكهی بۆ خاوه‌نه‌كه‌ی سه‌رسام ده‌بێت".
سه‌گه‌كه هه‌موو به‌یانییه‌ك پێشوازی له‌و خاوه‌ن ماركێته ده‌كات و كۆتایی ده‌وامیش سه‌ردانی ده‌كات، به‌ڵام هه‌رگیز نه‌خۆشخانه جێناهێڵێت.
H.B