رۆمانۆوسکی: پشتیوان دەبین لە هەوڵەکانی پاراستنی کەلەپووری دەوڵەمەندی هەرێم
باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق لە سەردانێکی بۆ قەڵای هەولێر دەڵێت: پابەندین بە پشتیوانیکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵەکانی پاراستنی کەلەپووری مێژوویی و کەلتووری دەوڵەمەندی هەرێم بۆ ئەوەی بە جیهان بناسێندرێت.
یەکشەممە 24ـی تشرینی دووەمی 2024، ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق، سەردانی قەڵای هەولێری کرد، دوای سەردانەکەشی بۆ قەڵاکە، لە پەیامێکی(ئێکس) دا دەڵێت:چێژم لە سەردانەکەم بۆ قەڵای هەولێر وەرگرت لە بینینی بەرەوپێشچوونی پرۆژەکانی نۆژەنکردنەوەمان، لەوانە گەرماوە دێرینەکە.
رۆمانۆوسکی دەڵێت: ئێمە پابەندین بە پشتیوانیکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵەکانی بۆ پاراستنی کەلەپووری مێژوویی و کەلتووری دەوڵەمەندی هەرێم و ناساندنی بە جیهاندا.
لەبارەی سەردانەکەی ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ قەڵای هەولێر و کۆبوونەوەیان لەگەڵی، فەلاح حەسەن، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای بوووژانەوەی قەڵای هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا دڵخۆشی زۆری خۆی بە کارەکانی نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر نیشاندا، ئاماژەی بەوەشکرد کە پشتیوان دەبن بۆ پاراستنی ئەو کەلەپوورە دەوڵەمەندەی هەرێمی کوردستان هەیەتی.